وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگری عیراق ڕێککەوتن



وێستگە نیوز- 
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق راگه‌یاند.

رێککەوتنەکە له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی نێوانیانە و هەروەها ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ساڵه‌كانی 2019 و 2020 و ساڵانی رابردوو.

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌،  "وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراقی فیدڕاڵ، گەیشتونەتە رێککەوتن لەبارەی كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ هه‌میشیه‌كانی نێوانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقه‌وه‌، بڕیاریشدرا شایسته‌ داراییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه بۆ ساڵه‌كانی 2019 و 2020 و ساڵانی دواتریش بنێردرێت".

ئاماژە بەوەش کراوە، " وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بڕیارەکەی وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراقی به‌هه‌نگاوێكی بوێرانه‌ و سه‌ره‌تایه‌كی باشی پته‌وكردنه‌وه‌ی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردولا له‌قه‌له‌مدا". 

هاوکات راشیگەیاند، "بڕیاری ناردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ پابه‌ندبونی نیشتیمانیانه‌یه‌ به‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی."

راگەیەنراوەکە دەشڵێت، "پێشوازی له‌هاتنی وه‌فدی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق ده‌کەین، كه‌ بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌ن".

ڕاگەیاندنی ئەو ڕێککەوتنە لەکاتێکدایە شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە بەغدا لەگەڵ نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگری عیراق کۆبوونەوە. 


PM:06:20:24/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت