میدیای فەرمی ئێران هێرش دەكاتە سەر دەسەڵاتی بارزانییەكانی هەرێم


وێستگە نیوز-
میدیایەكی فەرمی ئێران هێرش دەكاتە سەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، لە ژێر ناونیشانی " سیاسەتی بارزانییەکان چی بە سەر کوردی عێراق دێنێت؟"


ئاژانسی میهر لە وتارێكدا كە لە بەشی كوردی بڵاو كراوەتەوە و تێدا بەوە تۆمەتباریان دەكات كە سیاسەتێكی هەڵە بەڕێوە دەبەن و بە كەم ئەزموون ناویان دەبات كە پەندیان وەرنەگرتووە و متمانەیان بە ئەمریكا هەیە.

لە بەشێكی نوسینەكەدا هاتووە "سەرەڕای هەموو دەنگۆکان کە دەوترا ئەمریکا ڕازی نەبووە بە ئەنجامدانی گشتپرسیەکە بەڵام دواتر دەرکەوت کە ڕاوێژکارە ئەمریکاییە وئیسرائیلییەکان بە ئەنقەست زانیاری پێچەوانە و دوور لە ڕاستییان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوە تاکوو بە دڵنیاییەکی لێبڕاوانەوە ڕیفراندۆم بکات".

دەشڵێت "پیلانی ئەمریکا ئەوە بوو کە ئەو هەموو پێگە سیاسی و هەژموونەی کورد دوای شەڕی داعش لە ئاستی عێراق، ناوچەکە و جیهان وەدەستی هێنابوو، بکەوێتە بەر شاڵاوی رق و قینی وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی دەوڵەتی ناوەندی عێراق. تاکوو کوردستانی عێراق بۆ هەمیشە لە بندەستی و ژێر چەپووکی ئەمریکادا بێت، ئەمریکا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە لەم ناوچەیەدا.

میدیا فەرمییەكەی ئێران نوسیوشیەتی "مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ونێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم جەخت لەوە دەکەن کە بۆ پاراستنی هەڕیم لە مەترسی تیرۆر دەبێ ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بمێنتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران هۆشداریی بەو وڵاتانانە داوە کە دەبنە شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە و رایگەیاندووە کە هیچ کەس و لایەنێک پارێزراو نابێت".

هەروەها دەڵێت " سیاسەتوانانی گەنجی هەرێمی کوردستان بێ ئەوەی بیر لە هاوسنووریی ئێران و هەرێمی کوردستان بکەنەوە و لە هەستیاری بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابووری و سنوورییەکان تێبگەن یان بێ ئەوەی گوێ بدەنە باڵادەست بوونی ڕەوت و لایەنە دژە ئەمریکاییەکان لە عێراق، ناوبەناو داوای مانەوەی ئەمریکا لە باکووری عێراق دەکەن، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە جیهان بۆی دەرکەوتووە پێشمەرگەی هەرێم خۆی توانای پاراستنی ئەو ناوچەیەی هەیە و لە شەڕی داعشدا ئەوە سەلما و هەرێم پێویستی بە مانەوەی سەربازی ئەمریکا نییە".

لە بەشێكی دیكەدا میهر نوسیویەتی "نێچیرڤان بارزانی ماوەیەک لەمەوپێش لە دیمانە لە گەڵ وەرزنامەی توێژینەوەی سیاسەتی دەرەوەی تاران سەبارەت بە کوردی سووریا وتبووی؛ ئەمریکا لە ساڵانی رابردوو هەمیشە وەک کۆمپانیایەکی ئەمنیەتی سەیری کوردەکانی کردووە و نە وەک شەریک و هاوبەش، بەڵام ئێستا بۆ ئەو دوعایە کار بۆ سیاسەتی خۆیان ناکات و دەگاتە کوردستانی عێراق خۆیان متمانە بە ئەمریکایەک دەکەن کە هەزاران کوردی بە کوشت داوە و مێژوو چەندین جار ئەو بابەتەی بەخۆوە دیوە وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەتی بریتانیا و ئەمریکا خێرخوازی کورد نەبوون و نابن".

د.ح
 


AM:10:58:16/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 18100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو