دەرفەتی مانگێك دەداتە پارتی
بزووتنەوەی گۆڕان: وەزیرەكانمان دەستكراوە نیین


وێستگە نیوز-
لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان ئاشكرایكرد كە وەزیرەكانیان لە كابینەی نوێ بە سەركردایەتی مەسرور بارزانی دەستكراوە نین.


رۆژنامەی ئاژانس لێدوانی ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕانی بڵاو كردۆتەوە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت دەڵێت    "وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستكراوە نین، بۆیە نەیانتوانیوە وەك پێویست كار بكەن".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی ئاشكرایكردووە كە "بزووتنەوەی گۆڕان بەم نزیكانە لەسەر چەند سێكتەرێك تێبینیی خۆی بۆ پارتی دەخاتە ڕوو، لەوانەش لە ڕووی یاسای چاكسازی كە گشتگیر و دڵخوازی گۆڕان نەبووە و تەنها گۆڕانكاریی لە مووچەدا كراوە، بڕیار بوو پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا نیشتیمانی بێت و سیاسەتی نەوت شەفاف بكرێت، ئەوانەش نەكراون.״

وتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان ڕێكکەوتنی لەگەڵ پارتی بۆ ئەوە بوو كە بە ڕێژەی 12% پشكی خۆمان وەربگرین، بەڵام تا ئێستا لە كۆی 60 پۆستی باڵا تەنها پێنج پۆست وەرگیراوە، ئەوانیش پێك هاتوون لە جێگری سەرۆكی هەرێم و چوار وەزیری كابینەی نۆیەم".

هاوكات ئەمیر حاجی كەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ ئەو سەرچاوە ئاشكرایكردووە كە  "لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی پاش تاووتوێكردنی بەشداریمان لە حكومەت گەیشتین بەو قەناعەتەی كە ڕێكکەوتنمان لەگەڵ پارتی زۆر دوا كەوتووە، بۆیە بڕیارمان دا بە ڕاسپاردنی خانەی ڕاپەڕاندن بۆ ئەوەی لە كەمترین ماوەدا گفتوگۆ لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی بكەن".

وتیشی: بڕیارە لە ماوەی یەك مانگدا یەكلایی بكرێتەوە بە پێچەوانەوە بۆ كاتی خۆی قسە و بڕیاری ترمان دەبێت، بۆ هەمیشەش سیاسەتی چاوەڕوانبە و ببینە جێبەجێ ناكەین.

د.ح
 


PM:12:49:05/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 5708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت