وانه‌بێژانی چه‌مچه‌ماڵ گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا


وێستگه‌ نیوز ـ
بۆ داواکردنی مووچە و دامەزراندنی هەمیشەیی، مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم پەروەردەی چەمچەماڵ گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی چەمچەماڵ، وانەبێژانی سنوورەکە گردبوونەوە و تیایدا، داوای دامەزراندنی هەمیشەیی و مووچەکانیان دەکەن کە لەبەرامبەر وانەبێژییاندا وەریدەگرن.

یەکێک لە مامۆستا وانەبێژەکان رایگەیاندووه‌: "حکومەت و پەروەردەی چەمچەماڵ تاوانبارن لە ئاست وەرنەگرتنی مووچەکانمان و ئێمە تەنیا داوای مافی خۆمان دەکەین".

وتیشی، "داوا لە مامۆستایان دەکەم کە پرسیاری تاقیکردنەوەکانیان نەدەن بە بەڕێوەبەرەکانیان و بەوەش بەرپرسانی پەروەردە لە پێدانی مووچەکانیان ئاگاداردەکەنەوە".

هاوکات، داوای دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایانگەیاند، هەرچی کەم و کوڕی پەروەردەی سنوورەکە هەیە بە مامۆستای وانەبێژ پڕکراوەتەوە، هەربۆیە مافی خۆیانە ببنە هەمیشەیی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، نزیک بە هەزار مامۆستای دانەمەزراو لە سنوری قەزای چەمچەماڵدا وانەبێژی دەکەن و گرفتی پێنەدانی مووچە و دانەمەزراندنیان بەشێوەیەکی هەمیشەیی هەیە.



PM:01:49:19/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو