پارته‌كه‌ی بۆریس جۆنسن هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیای بردەوە

‌بۆریس جۆنسن

وێستگه‌ نیوز ـ
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژارانی پەرلەمانی بەریتانیا، پارتەکەی بۆریس جۆنسن، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە مسۆگەرکردنی 368 کورسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا.


رۆژی پێنجشەممە 12ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە بەریتانیا بەڕێووەچوو، کاتژمێر 10ی ئێوارە بەکاتی لەندەن بنکەکانی دەنگدان داخران و پرۆسەی لێکجیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد.
 
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان كه‌ پارتی پارێزگاران له‌ كۆی 650 كورسی 368 كورسی په‌رله‌مانی به‌ریتانیای به‌ ده‌ستهێنا، بۆریس جۆنسن، سەرۆکی پارتی پارێزگاران رایگەیاند، ئەمە راسپاردەیەکی بەهێزە بۆ ئەنجامدانی برێکزت و وتی: "زۆر سوپاس بۆ هەمووتان، نامەوێت راستییەکان بشێوێنم، چونکە هێشتا ئەنجامەکان رانەگەیه‌ندراون و ئەوەی هەیە تەنیا ئەنجامە بەراییەکانن".

وتیشی: "بەڵام لەم قۆناغەدا، دەردەکەوێت کە حکومەتی پارێزگاران راسپاردەیەکی بەهێزی پێدراوە تا برێکزت ئەنجامبدات، بەڵام بەتەنیا بۆ ئەنجامدانی برێکزت نا، بەڵکو بۆ یەکخستنەوەی ئەم وڵاتە و بەرەوپێشبردنی، بۆ سەرنجپێدان بە کارە لە پێشینەکانی خەڵک، لەسەرووی هەموویانە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان".
 
ئەگەر هەڵبژاردنەکە سەرکەوتنێکی گەورەبێت بۆ پارتی پارێزگاران، لەبەرامبەردا شکستێکی گەورەیە بۆ پارتی کار، بەجۆرێک پارتی کار بەتەنیا 191 کورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر 262 کورسی لە پەرلەمان هەبووە.
 
جێرمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا هەرزوو دانی بەشکستەکەیدا نا و رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرۆکایەتی پارتەکەی ناکات.

وتیشی: "دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە، کە من لە هیچ هەڵبژاردنێکی گشتی داهاتوودا سەرۆکایەتی پارتەکە ناکەم، من ئەو پرسە لەگەڵ پارتەکەمان تاوتوێدەکەم تا دڵنیابم لەوەی پرۆسەیەکمان دەبێت تا کار لەسەر ئەم ئەنجامانە بکەن و وابکەین پارتەکەمان بەرەو پێشەوەببەین. من لەو ماوەیەدا سەرۆکایەتی پارتەکەم دەکەم تا دڵنیابم گفتوگۆکان ئەنجامدەدرێن و لە داهاتوودا دەچینە پێشەوە".
 
لە کۆی چوار كاندیدی کورد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، دوو کوردیان دەرچوون، یەکێکیان سەر بە پارتی پارێزگاران و ئەوەی دیکەش سەر  بە پارتی کار.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، نەدیم زەهاوی، لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران و هەروەها فریاڵ کلارک، لەسەر لیستی پارتی کاربوو لە هەڵبژاردنەکەدا دەرچوون.

هــ. ر


AM:08:41:13/12/2019


ئه‌م بابه‌ته 2460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو