خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە بەغدا بەردەوامە

‌خۆپیشاندانەکان لە بەغدا بەردەوامن

وێستگه‌ نیوز ـ
شەوی رابردوو ناوچەی سەدر لە شاری بەغدا خۆپیشاندان‌ و ناڕەزایەتی نوێی لە دژی حكومەتی عیراقی بەخۆوە بینی و لە ئەنجامدا ژمارەیەك خۆپیشاندەری دیكە كوژران و بریندار بوون.


بە پێی هەواڵێكی سایتی عەرەبییە، ئەم بەیانییە هێورییەك رووی لە ناوچەی سەدر كردووە پاش ناڕەزایەتییەكانی شەوی رابردوو، كە بە پێی ئەو سەرچاوەیه‌ هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە لەگەڵ بریندار بوونی 25ی دیكە.

ئەم ناڕەزایەتییانەی خۆپیشاندەران لە كاتێكدایە كە دوێنێ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەرنامەیەكی چاكسازی راگەیاند، بۆ رووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی لەسەر خواست و داوای خۆپیشاندەران، بەڵام ئەوەش نەبوه‌تە هۆی دامركانەوەی خەڵكی ناڕازی و ناوە ناوە خۆپیشاندان لە هەندێك ناوچەی بەغدا و شارەكانی باشووری عیراق بەڕێوە دەچێت.

هەر لە بارەی دواین ئامارەكانی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان شەوی رابردوو، كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عیراق رایگەیاند، تا ئێستا چوار هه‌زار بریندار هەیە، ژمارەی كوژراوانیش بە گشتی گەیشتوه‌تە 96 كەس، ژمارەی دەستبەسەركراوانیش 813 كەسە و لەوانە 500 كەسیان ئازادكراون.

هەر لەو بارەوە سه‌عد مەعن موسه‌وی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق و پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی به‌غدا له‌ كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌ ماوه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مدواییه‌دا 104 كه‌س كوژراون و شه‌ش هه‌زاری دیكه‌ش برینداربوون كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا هه‌شتیان سه‌ربه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن.

سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌ ماددییه‌كان، سه‌عد معن ئاشكرایكرد، له‌ماوه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا 51 ته‌لاری گشتی و هه‌شت باره‌گای حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ سوتێنراون.

وتیشی: "چه‌ند ده‌ستێكی پیس له‌پشت به‌ئامانجكردنی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بوون و لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستپێكردووه‌".


AM:08:43:07/10/2019


ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو