بارزانی: ئهنوهر شێخانی هونهرمهندێكی خۆشهویست بوو
بارزانی و ئەنوەر شێخانی.. فۆتۆ: ئەرشیڤ
وێستگه نیوز ـ
مهسعود بارزانی، پهیامێكی سهرهخۆشی ئاڕاستهی خانهوادهی هونهرمهند ئهنوهر شێخانی دهكات و رایدهگهیهنێت، كۆچكردوو هونهرمهندێكی خۆشهویست بوو.
بارزانی، له پهیامهكهیدا دهڵێت: "بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هونەرمەندی نیشتیمانپەروەر و ناسراوی شاری هەولێر ئەنوەر شێخانیمان پێ گەییشت، لەدەست دانی ئەو هونەرمەندە خۆشەویستە بۆ هەموو لایەكمان خەسارەتێكی گەورەیە".
بارزانی ئهوهشی وتووه: "بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو ئەنوەر شێخانی و هەموو رۆشنبیر و هونەرمەندانی كوردستان دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت".
ژیاننامەی ئەنوەر شێخانی:
ئەنوەر شێخانی لە دایک بووی ساڵی 1951 و دەستپێکی کاری ھونەری لە ساڵی 1970 لە تیپی پێشڕەوی سەر بە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە، یەکەمین شانۆ بەناوی (سەرەتان) بەشداری تیادا کرد، بەڵام بۆ تۆماری تەلەفزیۆنی ناوەکەی گۆڕا بۆ (مارەیی).
ـ دوای پێنج ساڵ لە کاری رێکخستن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نەورۆزی 1973 بە تۆمەتی سیاسی دەستگیر دەكرێت و لەگەڵ ئەشکەنجەدان و راگواستن بۆ دیوانیە، پاشان رادەكات و پەیوەندی بە بارەگای هێزی دەشتی هەولێر لە دەکات لە دێگەڵە و دەبێتە پێشمەرگە، سەرەتا لە ناوچەی قەڵادزێ دەبێت، دوای شۆڕش دەچێتە ئێران و لە ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە، راستەوخۆ لە دوای گەڕانەوە دووبارە رادەگوازرێتەوە بۆ دیوانیە.
لە ساڵی 1976، لە رێگەی هەڵبژاردن بووەتە بەڕێوهبەری ھونەری کۆمەڵ و ھونەر و وێژەی کورد مەڵبەندی گشتی، لەبەر رێگریکردن لە دەستوەردانی چالاکی حزبی بەعس نەیانهێشت لە ساڵێک زیاتر بەردەوام بێت.
دامەزرێنەری کۆمەڵەی ھونەرمەندانی کوردستان/ هەولێر 31/3/1991.
دەستەی دامەزرێنەری تەلەفزیۆنی (KTV)، 1992).
دەستەی دامەزرێنەری سەندیکای ھونەرمەندانی کورردستان، لە ساڵی 1998، (4) ساڵیش وەک سکرتێری گشتی سەندیکا هەڵبژێردرا.
لەگەڵ یەکگرتنەوەی سەندیکا و یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان لە کۆنگرەی یەکگرتن لە ساڵی 2006، وەک سکرتێری گشتی رێکخراوی ھونەرمەندانی کوردستان هەڵبژێردرا و کارەکتەری سەرەکی بوو لە پێشخستنی یەکگرتنەوەکە و ڕێکخراوەکە بوو.
ـ زیاتر لە 60 کاری شانۆیی وەکو ئەکتەر و بەڕێوەبەری بەرهەم و دەرهێنان بەشداری کردووە.
وەکو ئەکتەرو بەرھەم ھێنەر بەشداری نزیکەی لە 10 فیلمی سینەمایی ناوخۆیی و بیانی درێژ کردووە و فیلمەکان لە فیستیڤاڵە جیھانییەکان دەسکەوتی بەرچاویان ھەبووە.
سەرپەرشتی و بەشداری دەیان درامای کردووە و رۆڵی سەرەکی ھەبووە لە دەیان کورتە فیلم، بەرێوەبەری بەرهەمی دیکۆمێنتاری، دیارترینیان کە ناوبانگی نێودەوڵەتی بەرچاوی هەبوو؛ (گۆڕە بەکۆمەڵەکان، علی کیمیایی).
بەشداری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی رێزلێنانە.
هــ. ر
AM:11:53:23/09/2019
ئهم بابهته 3820
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت