بارزانی: گەورەترین هەڵەی ژیانم ئەوەبوو بوومە سەرۆکی هەرێم

‌بارزانی لە کوبونەوە لەگەڵ پێکهاتەکان

وێَستگە نیوز- 

بارزانی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پێكهاتەكانی كلدۆئاشووریی، كاكەیی و توركمانەكان رایگەیاند "ریفراندۆم دواناخرێت، ئەوانەش دەڵێن لە بەرژەوەندیدا نییە ریفراندۆم بكرێ، ئێمەش دەڵێین لە بەرژەوەندی كورددا نییە دوابخرێت و نەكرێت"، دەشڵێت کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندید ناکاتەوە و گەرەوترین هەڵەی ژیانی ئەوە بووە کە بووەتە سەرۆکی هەرێم. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کە ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئابی 2017 لە شاری هەولێر سازکرا، بارزانی وتی "بڕیاری‌ ریفراندۆم بڕیارێكی‌ بوێرانەبوو، زۆر مەترسیداره ئەگەر چاوەڕوانی‌ بەغدا بكەین و ریفراندۆم نەكەین، دەبێت کورد خۆی لەو دڵەڕاوکێیە لەگەڵ عیراق رزگار بکات".

وتیشی: "كورد بڕیاری هاوبەشیی لەگەڵ عیراق دا بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، بەڵام بەداخەوه هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر عەقڵیەتی حوکمڕانی لە بەغدا نەهاتووە، باوەڕیشم وایە لە ئاییندەدا پێمان دەڵێن بگەڕێنەوە بۆ سنوری هێڵی سەوزی سەردەمی حوکمڕانی سەدام حسێن".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا بارزانی‌ رایگه‌یاند: "حەز دەكەین بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا پرسەکان یەکلابکەینەوە، بۆئەوەی هەردوولامان ئیسراحەت بکەین، دەستووری‌ عیراقیش رێگەمان پێ دەدات بڕیاری جیابوونەوە بدەین".

بارزانی ئه‌وه‌ی به‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ "بەغدا هەرچی‌ پارەی‌ هەبوو به ئاگر و ئاسنی‌ دا و له دژی‌ كورد بەكاریهێنا، رێککەوتنمان هەبوو چەک و پارە بۆ پێشمەرگە دابین بکەن، بەڵام یاەک فیشەکیان و دیناریان بە پێشمەرگە نەدا، هیچ ئەزموونێک لەگەڵ بەغدا سەرکەوتوو نەبووە".

سەبارەت بە بەشداری و رۆڵی پێکهاتەکانی دیکە لە کوردستان بارزانی‌ وتی "داوای دەوڵەتێک بۆ هەموو پێکهاتەکان دەکەین لە کوردستان، ئێمە کە دەڵێین دەوڵەتی کوردستان، مەبەستمان لەوەیە دەوڵەتێک بۆ هەموو پێکهاتەکانی کوردستانە، هەموو نەتەوەکان بەشداردەبن لە نوسینەوەی دەستووری دەوڵەتی کوردستان و هەموو شتێك دەکەین بۆ پاراستنی نەتەوەکانی دیکە".

بارزانی‌ جەختیکردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەك ریفراندۆم كاریگەری‌ لەسەر شەڕی‌ داعش نابێت و دەڵێت "کورد فاکتەری ئاشتیییە لەناوچەکە و دەبێت ئەو خوێنەی رژاوە بەرهەمی هەبێت".

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بارزانی وتی "من خۆم کاندید ناکەمەوە و گەورەترین هەڵەی ژیانیشم ئەوەبوو بوومە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبێ سیستەمێکی وادابنرێت بە هاتنی کەسێک و چونی کەسێک خەڵک زەرەر نەکات". 


PM:01:10:22/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 8743 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت