مه‌لا به‌ختیار: سوربن له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری، ناچارده‌بم راستیه‌كانی پشت دانانی سه‌رۆك كۆماری عێراق بدركێنم
وێستگه نیوز -
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارێكدا رایگه‌یاند كه "گه‌ر سوربن له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری، ناچارده‌بم راستیه‌كانی پشت دانانی سه‌رۆك كۆماری عیراق بدركێنم".
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی له نوێترین وتاریدا به‌ناوی "سوپاس بۆ هاتنتان و چەواشەكاریش بڵقی سەر زەلكاوە!!"، وه‌ڵامی په‌رله‌مانتارێكی عیراق و "كۆمێنتێكی تری تێكۆشەرێكی شاخ" ده‌داته‌وه.
له‌سه‌ره‌تادا مه‌لا به‌ختیار نووسیویه‌تی: "له‌كاتی كۆنگره رۆژنامه‌نوسیه‌كه‌ماندا (20/7/2019)، له‌سه‌رانسه‌ری كوردستانه‌وه، هه‌ڤاڵان له‌په‌رۆشیه‌وه بۆ پاراستنی یه‌كێتی و كۆنگره‌ی گۆڕانكاری ئاماده‌بون. به دڵنیاییه‌وه ئه‌م هه‌ڵوێستانه، له ئۆرگانه‌كاندا خه‌ریكه به‌رجه‌سته ده‌بێ، سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌كۆنگره‌ی گۆڕانكاریدا خزمه‌تی یه‌كێتی ناو یه‌كێتی ده‌كات".
مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند كه "دوو رۆژیشه به‌زه‌قی ده‌ركه‌وت، نه‌یاران و هه‌لپه‌رستان، چۆن هه‌راسان بون و ده‌یانه‌وێ به كۆمێنتی چه‌واشه‌كاری، كاریگه‌ری فراوانی (گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌ركه‌كانی قۆناغ) و (هه‌ڵسه‌نگاندنێكی ره‌خنه‌گرانه) كه‌م بكه‌نه‌وه. ئه‌مانه بێ ئاگان له‌وه‌ی، هاتنی سه‌دان كادر به نوێنه‌رایه‌تی هه‌زاران كادر‌و ئه‌ندام، هۆكاره‌كه‌ی كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی و زاڵبونی ره‌وتێكی هه‌لپه‌رستی و، غه‌در كردنه له سه‌دان كادر‌و خاوه‌ن بڕوانامه، كه به بڕیاری سه‌رپێیی، ره‌نج و توانایان كرایه قوربانی ته‌كه‌توله‌كان. ئه‌وانه‌ی هێشتا، له‌ناو گێژاوی كێشه‌كاندا ماونه‌ته‌وه، دڵنیام به‌شێكیان، له‌م چواشه‌كارییه، كه دوره له دیالۆگی مه‌ده‌نی، پاشگه‌زده‌بنه‌وه".
راشیگه‌یاند كه "له‌هه‌مان كاتدا، جه‌ختیش بكه‌مه‌وه كه: خه‌بات و ململانێی ئێستای ناو یه‌كێتی، مه‌ده‌نی و دیموكراسیه. ره‌خنه‌گرتن و ره‌خنه‌قبوڵكردنه. نه كێشه ئایدۆلۆژیه‌كانی شۆڕش و نه كێشمه‌كێشه‌كانی ده‌سته‌گه‌ری دوای راپه‌ڕین، بیریٍشی لێناكرێته‌وه. لادان و بادان، بۆ پۆست و پایه‌ش، (حورمه‌ت!)ی خۆمانی بۆ له‌ده‌ست ناده‌ین. دڵنیاشم، ئه‌وانه‌ی مێژوویان پڕه له تاڵی و داڵی خۆپه‌رستی، ئه‌وانه‌ن ده‌یانه‌وێت به خۆیان و فریوخواردوه‌كانیانه‌وه، كای كۆنی ناو شۆڕشگێڕه‌كان، بده‌نه به‌ر چه‌واشه‌كاری هه‌لپه‌رستی و ئه‌و كێشانه زیندوو بكه‌نه‌وه، كه هی زه‌مان و زه‌مینه‌ی خۆیان بون و تێپه‌ڕین. ده‌شیانه‌وێ به هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی كێشه‌كانی رابوردوو، گه‌نده‌ڵیه‌كانیان، داپۆشن".
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "هه‌رگیز ناتوانم، ماندووبونی تێكۆشه‌رانی شاخ و راپه‌ڕین، بابه‌تیانه هه‌ڵنه‌سه‌نگێنم. له‌مێژووشدا هه‌موومان هه‌ڵه‌مان كردوه‌و ئێستاش هه‌ڵه ده‌كه‌ین. به‌ڵام بێویژدانیه، هه‌ڵه بكرێته پێوه‌ری روداوه‌كان و یاده‌وه‌ریه‌كان. هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك له سه‌د ساڵی رابردوی كوردایه‌تیدا، (هه‌روا له جیهانیشدا) له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌ك بوبێ، ناكرێ وابزانرێ، سه‌راپای مێژوه‌كه‌ی، خه‌وشی تێدا نه‌بوه. رابه‌ره كۆچكردوه‌كان و زیندوه‌كان، خۆیان له‌ژیاندا دانیان به هه‌ڵه‌كانیاندا ناوه، كه‌چی ئه‌وانه‌ی سۆز یان رق به‌سه‌ریاندا زاڵه، ره‌خنه له‌كه‌س قبوڵ ناكه‌ن و بێ ئاگا له روداوه‌كانی مێژوو، خه‌رمانی راستیه‌كان ده‌سوتێنن. هه‌روه‌كو مێژووی شۆڕشی نوێ و راپه‌ڕین، هه‌ڵه و په‌ڵه‌ی تیادا نه‌بوبێ. ئه‌گه‌ر مێژوومان بێگه‌رد بوبێ، ده‌ی ئه‌و هه‌موو كاره‌سات، شكست، شه‌رمه‌زاری، هه‌ڵگه‌ڕان و داگه‌ڕانه، هه‌روا جیابونه‌وه‌ی ناو شۆڕش و دوای راپه‌ڕین بۆ رویانداوه؟ ده‌یان هه‌زار لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان و چاوپێكه‌وتنی سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان، دژی یه‌كتر بۆ نوسراون و گوتراون؟".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "خراپترین جۆری وه‌ڵام، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی سوك و سیاسییه سواوه‌كانه. هه‌موو جارێكیش ویستبێتم وه‌ڵامی چه‌واشه‌كاریه‌ك، یان هه‌ڵه باسكردنی راستیه‌كان بده‌مه‌وه، به وریاییه‌وه، باسی ئه‌و تێكۆشه‌رانه ده‌كه‌م، كه له‌شاخدا قوربانیان داوه، به‌ڵام مایه‌ی نه‌نگیه به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی رۆژێك له‌رۆژان، بۆ نوكته‌گێڕانه‌وه‌ش ئاماده‌نه‌بون، سه‌ردانی شۆڕش بكه‌ن، ئه‌وان ئه‌نفال و كیمیاباران و كاولكردنی كوردستان موی پیاوه‌تی نه‌جوڵاندبن، ئێستا له به‌رامبه‌ر خۆیان و رێبازی هه‌لپه‌رستیان، نه‌نگیه بێده‌نگ بین".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه"لێره‌دا پێویسته، چه‌ند چه‌واشه‌كاریه‌ك رونبكرێته‌وه: یه‌كه‌م: ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان، كه هه‌وڵی زۆری دا، بخرێته ناو لیستی یه‌كێتی، قبوڵ نه‌كرا، خۆی خزانده ناو جۆگه‌ی هه‌لپه‌رستی و ئێستاش نه‌هاتۆته ده‌ره‌وه، ئه‌مه، وتارێكی پڕ له هه‌ڵه‌ی نوسیوه، ته‌نها وه‌ڵامی چه‌ند هه‌ڵبه‌ستراوێكی ده‌ده‌مه‌وه. باقیه‌كه‌ی به مانگه‌شه‌و وه‌ڕینه".
ده‌شڵێت: "باسی ئه‌وه ده‌كات، گوایه له‌پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا سه‌رۆك كۆماری عێراق هه‌ڵبژێردراوه. ئه‌وانه‌ی ویژدانیان ماوه‌و ئاگایان له سیناریۆی چۆنێتی دانانی ئه‌م سه‌رۆكه‌یه، ئێستا نه‌فره‌ت له‌و مێژووه ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م نوسه‌رانه بینوسن. ئاخر درۆهه‌ڵبه‌ستن بگاته ئه‌م راده‌یه، ئیتر بڕوانامه‌و په‌رله‌مانتاری و پره‌نسیپ، خراوه‌ته ناو چ زه‌لكاوێكی چه‌واشه‌كاریه‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سه، له ناو جۆگه‌ی هه‌لپه‌رستیه‌كه‌یه‌وه، كه له هه‌ردوو دیوی جۆگه‌كه، ده‌جوێ، سوربێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوایه له پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا سه‌رۆكی عێراق هه‌ڵبژێردراوه، من ناچار ده‌بم راستیه‌كانی پشتی په‌رده بدركێنم. ئه‌وكاته چش، چی ده‌بێ با ببێ!!".
ده‌شڵێت: "هه‌ر ئه‌م كه‌سه، باسی پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك ده‌كات، گوایه، هاوڕێی من بووه‌و ئێستاش چۆته پاڵ پارتی، به ڕاستی له به‌غداد سه‌یره نه‌ك له‌كۆیه!! ئاخر كێ هه‌یه نه‌زانێ له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیدا، من هه‌ڵوێستم به راشكاوی له‌سه‌ر پارێزگاری ناوبراو ده‌ربڕی و دوو مانگیش نه‌چومه كۆبونه‌وه‌كان".
مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاندووه كه "باسی دۆستایه‌تی پارتی ده‌كات. سیاسه‌تی من رونه، كه په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و پارتی به چاره‌نوسسازی ئه‌م قۆناغه ده‌زانم. مێژووشم ئاشكرایه بۆ به‌رگریكردن له یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر پارتیدا، له‌م زاته ده‌پرسم: ده‌ی فه‌رموو یه‌ك دێڕم له ئه‌رشیفی خۆت بۆ ده‌ربهێنه، كه شه‌رمنانه، ره‌خنه‌یه‌كیشت له‌پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی گرتبێ؟ یان.. یه‌كێتی، له‌دوای (1994)وه، هه‌میشه له‌شه‌ڕی به‌رگریدا بووه (باسی شاخ هه‌ر ناكه‌م)، ده‌ی بۆ یه‌ك جاریش به نوزه‌نوز به‌رگریت له‌یه‌كێتی كردبێ؟ هه‌تا نه‌بوبوی به ئه‌ندام په‌رله‌مان، خۆت له‌هه‌موو چه‌شنه ره‌خنه‌یه‌ك ده‌پاراست. ئێستا موچه‌كه‌ت و بودجه‌كه‌ت، دابین كردوه، كه‌چی به‌م چه‌واشه‌كاریه، ده‌ته‌وێ، چوار ساڵی دوای په‌رله‌مانتاریه‌كه‌ت، كارێكی دیكه ده‌سته‌به‌ر بكه‌یت. شه‌رمی كه‌سوكاری شه‌هیدانی برسی و پێشمه‌رگه‌ی كه‌م ئه‌ندام و ده‌یان هه‌زار بێكار داتان بگرێ، پله‌و پاره، ئه‌وه ناهێنێ!!".
نووسیویشیه‌تی: "ده‌شڵێ: له (1964)وه، تاقه یه‌ك جار به پارتی وترابێ (ستۆپ) هه‌ر ئه‌و جاره بووه، كه سه‌رۆك كۆماریان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، به‌م بۆچونه ده‌ریده‌خات كه چه‌ند پێ خاوسه له‌مێژووی خه‌بات و ململانێكان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م قسانه ئیهانه‌یه به‌و كه‌ڵه تێكۆشه‌رانه‌ی هه‌میشه هه‌ڵوێست و ره‌خنه‌یان هه‌بووه‌و سه‌دان جار له‌سه‌ر به‌رنامه‌و بڕیاری جیاواز، وتویانه (ستۆپ). هه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتی خۆی له خۆیدا، گه‌وره‌ترین ئستۆپ بووه به‌رامبه‌ر فیرگه‌ی كلاسیكی كوردایه‌تی و پارتی. كه ئه‌وكاته ئه‌م په‌رله‌مانتاره له دایكیش نه‌بوبوو. یان تفلی ده‌بیرستان بووه".
مه‌لا به‌ختیار باسی له‌وه‌شكردووه كه "به‌نده، نه بستێك ئه‌رزم له هه‌ولێر هه‌یه و نه ڤیلا و كۆشكی تایبه‌تی، كۆمپانیاشم له دهۆك و هه‌ولێر نییه. قه‌ت، له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن موزایده ناكه‌م و به نهێنیش واسیته بكه‌م، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی بمبینێ. سیاسه‌تی سه‌نگین و هاوسه‌نگی ده‌پارێزم و، ناشپاڕێمه‌وه، قبوڵم بكه‌ن بچمه هه‌ولێر. یان به زه‌لیلی له هۆڵی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم دانیشم و سه‌رۆكاو خه‌ست بكه‌مه‌وه!".
له به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی رایگه‌یاندووه كه "دوا رونكردنه‌وه‌شم له‌سه‌ر كۆمێنتێكی تری تێكۆشه‌رێكی شاخ، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان له‌ده‌ره‌وه بون، دانوستانمان بۆ یه‌كخستنی ئاڵای شۆڕش و یه‌كێتی ته‌واوكرد. دوو مانگ زیاتریشی خایاند. وه‌كو رێز: یه‌كه‌م جار چوم بۆ دیمه‌شق، (مام جه‌لال)م بینی. له دیمه‌شقه‌وه، سه‌ردانی ئه‌وروپاشم كرد و چاوم به‌هاوڕێیانی (ئاڵای شۆڕش) كه‌وت. بۆم رونكردنه‌وه كه هۆكاری یه‌كخستنه‌وه‌كه چی بووه، ئینجا سه‌ردانی شادره‌وان نه‌وشیروان مسته‌فام كرد‌و دیسان هۆكاره‌كانی یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌م بۆ رونكرده‌وه. جه‌نابی له قسه‌كانیدا، ده‌ركه‌وت له كێشمه‌كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی نیگه‌رانه. ده‌شیویست بزانێ، له‌گه‌ڵ كام ته‌كه‌تول ده‌كه‌ووم. دڵنیام كرد، كه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیم و باوه‌ڕم به ریفۆرمسازی هه‌یه، نه‌ك هیچ رێگه‌یه‌كی تر".
ده‌شڵێت: "كه گه‌ڕاشمه‌وه، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا و شه‌هید رزگار هاتنه لام و ده‌یانویست بزانن ئایه له‌كاتی بینینی كاك نه‌وشیرواندا، له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی رێككه‌وتوین، (هه‌ر ئه‌وكاته ته‌كه‌تول هه‌بوو) بۆ ئه‌وانیشم رونكرده‌وه كه چیم له‌گه‌ڵ شادره‌وان باس كردوه. تائێستاش دوای ته‌كه‌تولی جیاواز جیاواز، من هه‌ر بێلایه‌نم. ده‌سكه‌وتی زۆر و زه‌به‌ندیشم خراوه‌ته به‌رده‌ست، بۆ ته‌كه‌تول، نه‌م كردووه. كاتێك زۆربه‌ی سه‌ركردایه‌تی و كادره‌كانیش، سكاڵایان دژی مام جه‌لال واژۆ كرد، من نه واژۆم كرد و نه دوای واژۆكردنیش، هه‌واڵی دانشتنه‌كانم پێ ده‌گه‌یاند. به‌ڵام له‌و هه‌ڤاڵانه بوم، ئاوم ده‌كرد به‌ئاگره‌كه‌دا، به‌ڵكو، به‌رگریشم له زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه كرد كه واژۆیان كردبوو. له پێشه‌وه‌یاندا شاد ره‌وان نه‌وشیروان".
مه‌لا به‌ختیار راشیگه‌یاندووه كه "هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌م بۆچونه‌كانم له‌ناو (گه‌ڵاڵه)كه‌و (هه‌ڵسه‌نگاندن)ه‌كه، له‌سه‌ر دیموكراسی، مه‌ده‌نیه‌ت، دادپه‌روه‌ری، مافی ژن... تاد. هه‌روه‌ها دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی و ژیانی حیزبایه‌تی و دژایه‌تی هه‌لپه‌رستی، له‌ساڵی (1994)وه، جه‌ختم له‌سه‌ر كردون. له ئه‌رشیفمدا، هه‌ڵوێسته‌كانم، نوسین و كۆڕه‌كانم، هه‌ر هه‌مووم پاراستون، نه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ناو یه‌كێتی بوم، به‌ڵكو ره‌وت و گروپی دیكه‌ش كه هاتونه‌ته ناو یه‌كێتی، رۆڵم هه‌بوه تیایدا".
له به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نووسیویه‌تی: "سه‌باره‌ت به یه‌كخستنی (ئاڵای شۆڕش) و (یه‌كێتی) و به‌راوردی به هاتنه‌وه‌ی به‌شێكی كه‌می (هاودیده‌كان) هه‌مووی پێی ده‌وترێ پرۆسه‌ی یه‌كخستن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسیه‌كان. جیاوازیه‌كه، ته‌نها له‌وه‌دایه، له یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش و یه‌كێتی، به‌یاننامه‌ی هاوبه‌ش له‌سه‌ر پرنسیپه‌كان ده‌رچوو. هه‌موو ئاڵای شۆڕش و به‌شێكی زه‌حمه‌تكێشانیش هاتنه ناو یه‌كێتی (چه‌ند هاوڕێیه‌ك نه‌بێ) به‌ڵام (هاودیده‌كان) بۆ پله‌و پۆست هاتن. دوای (24) سه‌عات فریای به‌غداد كه‌وتن و سیڤیان دایه په‌رله‌مان. هیچ رێكه‌وتنێكیش واژۆ نه‌كرا. باسی یه‌ك بۆچون و ره‌خنه‌ی هاوپه‌یمانی و ئه‌ركی هاوبه‌شیش، نه‌هاته ئاراوه".
ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ش با رونبكه‌مه‌وه كه: هه‌رگیز به‌نده، پشتیوانی كاندیدێكی ترم له په‌رله‌مانی عیراق بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار نه‌كردووه. ته‌نانه‌ت به‌هه‌ندێك هاوڕێی خۆمم وت: وه‌فدی یه‌كێتی له‌سه‌ر چی رێك ده‌كه‌ون، به‌قسه‌یان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌ك كه‌سیش توانی ئه‌م قسه‌یه‌م له په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتی و كوردستان، به‌درۆبخاته‌وه، ئه‌وكاته، برای نوسه‌ر چی ده‌ڵێ، گه‌ردنی ئازاد بێ".
له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا مه‌لا به‌ختیار جه‌خت ده‌كاته‌وه كه "كێشه‌ی ئێستامان هی ناو یه‌كێتی و دیارده دزێوه‌كانی ناو حكومه‌ته. په‌یوه‌ندیی به هیچ لایه‌كه‌وه نییه. له‌پێناو كۆنگره‌ی گۆڕانكاری دوور له ته‌وافق و دژایه‌تی هه‌لپه‌رستی‌و گه‌نده‌ڵیش، هه‌روه‌ها پیلانگێڕه‌كان، هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌م، هیچ پۆستێك و كۆسپێك، پاشگه‌زم ناكاته‌وه".
ئه‌م وتاره‌ی مه‌لا به‌ختیار دوای ئه‌وه دێت كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا دوای راگه‌یاندنی پرۆژه‌كه‌ی بۆ چاكسازی له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان زۆرترین ره‌خنه‌ی لێ‌گیرا و ته‌نانه‌ت له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هێرشی كرایه‌سه‌ر به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن به‌شێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له پرۆژه‌كه‌یدا مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاندبووه كه "ئه‌و شه‌وه‌ی پارتی به‌نیازبوو هێرش بكاته‌سه‌ر گردی زه‌رگه‌ته نەوشیروان لە گردەكە نەماوە و چۆتە ماڵی دۆستێكی خۆی".
PM:10:38:22/07/2019
ئه‌م بابه‌ته 10264
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت