وێستگە كاندیدێكی بەهێز بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرا دەكات


وێستگە نیوز – 
تا ئێستا كاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان یەكلانەكراوەتەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چاوی لەوەیە یەكێك لە كاندیدە بەهێزەكان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكات.

رۆژی چوارشەممە 10ی تەمووزی 2019 پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەخشی.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی وەرگرت.

بەپێی زانیارییەكانی وێستگە نیوز "چەندین كەس سیڤی-یان پێشكەشی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان".

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە وێستگە نیوزی راگەیاند كە "مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەیە یەكێك لە كاندیدە بەهێزەكان وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان دەستنیشان بكات كە د. نزار نەعمان سالم-ە".
سەرچاوەكە ئاشكرایكرد "تا ئەو كاتەی كاندیدی وەزیری سامانە سروشتییەكان یەكلایی دەبێتەوە، مەسرور بارزانی خۆی سەرپەرشتی وەزارەتەكە دەكات".

سەرچاوەکە وتیشی "لەو ماوەیەدا ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكان وەك راوێژكاری مەسرور بارزانی لەو وەزارەتەدا كار دەكات".

د. نزار نەعمان سالم تەمەنی سەروو 65 ساڵە و پسپۆڕی بواری جیۆلۆجیی نەوتە و ساڵی 1976 بوەتە خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا لە زانكۆی شیفیڵد-ی بەریتانیا، پێشتریش وەك راوێژكار لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عیراق كاری كردوە.
د. نزار نەعمان راگری كۆلێجی پلاندانانە لە زانكۆی دهۆك و ماوەی 30 ساڵ لە زانكۆی موسڵ مامۆستا بووە.

 رۆژی 1ی نیسانی 2016 نزار نەعمان كە كاندیدی حكومەتی حەیدەر عەبادی بوو بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت، كشانەوەی خۆی لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستە راگەیاند  و هەر لەوكاتەدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دهۆك وتی: "بەهۆی رێكنەكەوتنی سیاسی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی ئەوكاتەی عەبادی، كشانەوەی خۆی لە گرتنەدەستی پۆستی وەزارەتی نەوت رایدەگەیەنێت".


PM:11:14:11/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 14848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت