بارزانی: هەڕەشەكانی داعش هێشتا ماون و تەواوی جیهانیان كردوه‌تە ئامانج

‌دیمەنێک لە دیدارەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ یاریدەدەر و راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كه‌ ئه‌ركی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش له‌ عیراق و كوردستان كۆبووه‌وه‌ و رایگه‌یاند، هەڕەشەكانی داعش هەر ماون و ئەو هەڕەشانە تەواوی جیهانیان كردوه‌تە ئامانج.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ی حوزه‌یرانی 2019، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كەریم ئەسعەد ئەحمەدخان، یاریدەدەر و راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوەری، هێمای بە قوربانیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگەدا لە شەڕی داعش دا و جەختی لەوە كردەوە كە "سەرباری هەموو ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون، گەلی كوردستان لەپێناو كردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە و ئاشتەواییدا هەرگیز دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبردووە".

لە درێژەی وتەكانیدا بارزانی رۆشنایی خستەسەر هەڕەشەكانی داعش و رایگەیاند: "راستە داعش لە رووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام هەڕەشەكانی داعش هەر ماون و ئەو هەڕەشانە تەواوی جیهانیان كردوه‌تە ئامانج".

بارزانی بۆ شاندی میوان هێمای به‌وه‌داوه‌ كه‌ ئامانجی تیرۆر دروستكردنی ناكۆكی و دژایەتیی نێوان ئایینەكانە، ئەوەش بابەتێكی مەترسیدارە، بۆیە رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە هەوڵ و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی پێویستە.

لە دیدارەكەدا راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش، پێزانینی هەبووه‌ بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە تێكشكاندنی چه‌كدارانی داعش.

هەروەها بارزانی لە ئەرك و كاری خۆی ئاگادار كردەوە كە لە لایەن سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان پێی راسپێردراوە بۆ لێكۆلینەوە لە تاوانەكانی داعش و دەستپێكردنی پڕۆسەی دادگاییكردنی ئەو داعشانەی دەستیان لە تاوانەكاندا هەبووە.

وێڕای ئاماژەدان بە شكانی داعش لە رووی سەربازییەوە ئەوەی خستەڕوو كە ئەو تاوانانەی لە عیراق و كوردستان لە لایەن داعشەوە ئەنجام دراوە دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە.

جەختیشی لەوە كردەوە هەوڵی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش، لەپێناو جیاكردنەوەی تاوانباران و رەخساندنی زەمینەی ئاشتەوایی نیشتیمانییە.

داوایشی كرد كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان و عیراق هاوكاری تیمی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بن و له‌و ئەركەدا پێویستیی بەردەوامی بە ئامۆژگاری و رێنوێنیی بارزانی هەیە.

لای خۆیەوە مه‌سعود بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە راگەیاندووه‌ لەپێناو دادگاییكردن و سزادانی تاوانبارانی داعش.

هــ. ر


PM:04:02:18/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 1216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو