حه‌شدی شه‌عبی له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكا خۆی یه‌كلاییكرده‌وه
وێستگه نیوز -
وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری عیراقی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند كه هێزه‌كانیان به‌شێك نابن له ململانێی نێوان ئێران و ئه‌مریكا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌شده‌كاته‌وه عیراق رازی نابێت وڵاته‌كه‌ی بكرێته گۆڕه‌پانی ململانێ.
عه‌لی حسه‌ینی وته‌بێژی میحوه‌ری باكوری عیراقی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "ئێمه ئێرانی نین تا به‌رگری له ده‌وڵه‌تێكی تر بكه‌ین، ئێمه به‌شێكین له سیستمی سه‌ربازی عیراق و له ژێر فه‌رمانده‌یی سه‌رۆك وه‌زیرانداین".
وتیشی: "گه‌ر ئێمه نزیكی ئێران بین له‌به‌ر مه‌زهه‌ب و شه‌ڕی بۆ بكه‌ین، كه‌واته پێشمه‌رگه‌ش نزیكی ئه‌مریكایه، بۆیه مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی جیاوازه له فه‌رمان و ره‌سمیات".
به‌بڕوای عه‌لی حسینی، عیراق نابێته به‌شێك له ململانێی نێوان ئه‌مریكاو ئێران، روونیشیكرده‌وه كه "وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هاته به‌غدا، ده‌ركه‌وت عیراق شه‌ڕی ئابوری له‌دژی ئێران و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا ناكات".
سه‌باره‌ت به‌هه‌بوونی په‌یوه‌ندی فه‌رمی له‌نێوان ئێران و به‌شێك له هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، وته‌بێژه‌كه‌ی حه‌شد ره‌تیكرده‌وه هیچ هێز و فه‌سیله‌یه‌كی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی له ژێر فه‌رمانی ئێرانیه‌كاندا بێت، راشیگه‌یاند كه"هه‌ر بڕیارێك له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه ده‌ربچێت، ئێمه پابه‌ند ده‌بین پێوه‌ی".
له‌كۆتایی قسه‌كانیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا، عه‌لی حسێنی پێیوابوو ئه‌گه‌ری پێكدادانی سه‌ربازی له نێوان ئه‌مریكا و ئێران له ئارادا نییه، ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌ی كه روویانداوه وه‌كو خراپبوونی دۆخی ئابوری ئێران و هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌یه‌كتری ته‌نها ده‌رئه‌نجامی شه‌ڕی ده‌روونییه.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگر و بۆمبهاوێژی "B52" ره‌وانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات "تاوه‌كو په‌یامێكی روون و ئاشكرا به ڕژێمی ئێران بدات سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك بكرێت بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌كانی ئه‌مریكا یان هاوپه‌یمانه‌كانمان، ئه‌وا به هێزێكی پـۆڵاین وه‌ڵام ده‌درێته‌وه".
كاتێكی پێشتریش جۆزێف دانفۆرد سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی هاوبه‌شی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه بڕیاری ناردنی كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری "ئابراهام لینكۆڵن" بۆ كه‌نداوی عه‌ره‌بی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانه له ناوچه‌كه‌دا.
ئێواره‌ی سێشه‌ممه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ له‌سه‌روبه‌ندی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران له ناوچه‌كه‌دا، به‌سه‌ردانێكی پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له گه‌وره به‌رپرسانی عیراق كۆبوویه‌وه.
دوای سه‌ردانه‌كه‌شی مایك پۆمپیۆ به رۆژنامه‌وانانی یاوه‌ری راگه‌یاند كه ئه‌مریكا له‌باره‌ی سه‌روه‌ری عیراق ھه‌ستی به نیگه‌رانی كردووه به تایه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی ئێران له‌و وڵاته زیادی كردووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی وت كه "ھاتنم بۆ به‌غدا به ھۆی ئه‌و زانیارییانه بوو كه له باره‌ی زیادكردنی چالاكییه‌كانی ئێران له عیراق به‌ده‌ستمان گه‌یشتبوو".
PM:08:59:09/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 21924
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت