به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌ندامبوونی‌ داعش، دادگا سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ر 4 كه‌سدا سه‌پاند


وێستگه‌ نیوز –
ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌ری‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌ندامبوونی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعش و ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ تیرۆریستی‌ له‌ عیراق و سوریا، دادگایه‌ك سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ر چوار كه‌سدا سه‌پاند.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی‌ نیسانی‌ 2019 ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌ری‌ عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ دادگایه‌ك به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌ندامبوونی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعش و ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ تیرۆریستی‌ له‌ عیراق و سوریا، سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ به‌سه‌ر چوار كه‌سدا سه‌پاند.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئه‌و چوار كه‌سه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" كه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێن، راده‌ستی‌ عیراق كراونه‌ته‌وه‌ و داواكراو بوون.

دادگای كه‌تنه‌كان له‌ به‌غدا ئیدانه‌ی‌ ئه‌و چوار تۆمه‌تباره‌ی‌ كرد به‌ ئه‌ندامبوونی‌ رێكخراوی‌ داعش و ئه‌نجامدانی‌ كرده‌وه‌ی‌ تاوانكاری‌ دژی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ ئامانجی‌ تێكدانی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ له‌ عیراق و سوریا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ری له‌وباره‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ یه‌كێك له‌و چوار كه‌سه‌ی‌ سزای‌ له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌، هه‌ڵگری‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عیراقییه‌، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ سێ‌ كه‌سه‌كه‌ی‌ تر ئاشكرا بكات.
له‌ شوباتی‌ رابردوودا سوپای‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات 280 به‌ندكراوی‌ بیانی‌ و عیراقییان راده‌ستی‌ به‌غدا كردووه‌.
له‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ هه‌زاران هاوڵاتی بیانی‌ له‌ ریزه‌كانی‌ رێكخراوی‌ داعش له‌ سوریا و عیراق جه‌نگاون و ژماره‌یه‌كی‌ زۆر ئافره‌تی‌ بیانی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ كرد یاخود راپێچی‌ ناو رێكخراوه‌كه‌ كران.

دادگاكانی‌ عیراق له‌ كاتی‌ دادگاییكردنی‌ هه‌زاران گومانلێكراودا له‌نێویاندا چه‌كدارانی‌ بیانی‌ به‌تۆمه‌تی‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ داعشه‌وه‌، پشت به‌ یاسای‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر ده‌به‌ستن.

رێكخراوه‌كانی بواری‌ مافه‌كانی مرۆڤ هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ ناهاوسه‌نگی‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ دادگاییكردنه‌كاندا هه‌یه‌ و دادگایی خه‌وشدار ئه‌نجامدراون و به‌هۆیه‌وه‌ بڕیاری ناڕه‌وا دژی‌ تۆمه‌تباران دراون.

له‌ ساڵی‌ 2014دا رێكخراوی‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ر سێیه‌كی‌ خاكی‌ عیراقدا گرت، به‌ڵام دواتر هێزه‌ عیراقییه‌كان به‌ پشتیوان ئه‌مریكا و هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ توانییان ناوچه‌كانیان له‌ژێر ده‌ست ده‌ربێنن تا دواجار له‌ مانگی‌ ئازاری‌ رابردوودا دوامۆڵگه‌ی‌ داعش له‌ سوریا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌"وه‌ كۆنترۆڵ‌ كرایه‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ كۆتایی به‌ خه‌لافه‌ته‌كه‌ی‌ داعش هات.

سه‌رچاوه‌: رۆیته‌رز


PM:06:01:21/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو