بارزانی: هه‌وڵی گۆڕینی واقعی جوگرافی و مێژوویی له‌ عیراق قابیلی قبوڵكردن نییه‌

‌مەسعود بارزانی

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند "هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقیعێك كە پێچەوانەی جوگرافیا و مێژوو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت، گرفتەكان قوڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە".

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئازاری 2019، مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی تاوتوێكردن و گفتوگۆ لەسەر كێشە و گرفتەكانی ناوچەی زومار، لەگەڵ كەسایەتی و ریشسپی و نوێنەرانی پێكهاتەكان و جەماوەر و دانیشتووانی دەڤەری زوومار كۆبوەوە.

بەپێی راگەیه‌ندراوێكی بارەگای بارزانی، مه‌سعود بارزانی بە پێویستی زانیوه‌ مادەی 140ی ده‌ستوری عیراق بە "لێكگه‌یشتن و ئاشتی" جێبەجێبكرێت و وتویه‌تی "ئەگەر دەستور جێبەجێ بكرایه‌ ئێستا دۆخی عیراق بەشێوەیەكی باشتر دەبوو. هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعێك كە پێچەوانەی جوگرافیا و مێژوو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت، گرفتەكان قوڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە".

لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عیراق و روداوەكانی دوای ریفراندۆم، بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە "لەدوای هەڵبژاردنەكانی عیراق قۆناغێكی دیکە هاتووەتە ئارا و هەموو لایەك هەوڵدەدەین كە سود لەو كەشە ئیجابییە وەربگرین بۆ جێبەجێكردنی پڕەنسیپەكانی برایەتی و پێكەوەژیان و نەهێشتنی تیرۆر".

بارزانی ئاماژەی بە قوربانیدان و خۆڕاگریی جەماوەری دەڤەری زومار لە بەرامبەر پەلاماری داعش و هێرشی ناحەزان لە ساڵانی رابردوودا کردوه‌ و لەبارەی بایەخی ناوچەی زومار لە شەڕی داعش رایگەیاند "كلیلی شكستی داعش لە زومار بوو و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە زومارەوە دەستیپێكرد". 

مەسعود بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆر جەختی لەوە كردەوە كە فەرهەنگی پێكەوەژیان باشترین چەكە بۆ لەنێوبردنی هزری تووندڕۆیی و تیرۆر، ئەوەشی خستەڕوو "پێویستە فكری تیرۆر ریشەكێش بكرێت و لە كوردستاندا ئێمە هەموومان لە مرۆڤبووندا براین و جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی كێشە نییە، هەڵسەنگاندنی مرۆڤیش لەسەر بنەمای رەفتارەكانیەتی نەك بیروباوەڕ".


PM:09:55:19/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 2816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو