سلێمانی‌.. چیرۆکی ئەو گەنجەی لە رۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا کوژرا

‌دایکی محەمەد لە پرسەی کوڕەکەیدا

وێستگه‌ نیوز ـ
لەو کاتەوە کە هەواڵی‌ کوژرانی‌ کوڕەکەیی پێگەیشتووە، دایکی‌ محەمەد لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرێ و خەمی‌ لەدەستدانی‌ کوڕەکەی‌ تەواوی‌ پەرێشانی‌ کردووە.


"ژیان زۆر کورتە، شایەنی رق و حەسوودی نییە، پەشیمانبوونەوە لە دوای ئەوەی کەسێکی نزیکمان لەدەستدەدەین هیچ سوودێکی نییە." ئەمە دواین پۆستی محەمەدە لە فەیسبووک، بێ ئاگا لەوەی ئێستا خۆی بووە بە ئازیزێکی لەدەستچووی کەسە نزیکەکانی.

محەمەدی‌ تەمەن 29 ساڵ کە خەڵکی‌ سەیدسادقە و لە سلێمانی‌ دەمایەوە، ماوەی‌ 20 رۆژ بوو ئەڵقەی‌ دەستگیرانی‌ لەگەڵ شۆخان گۆڕیبووەوە، هەردووکیان سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ رۆژی‌ هاوسەرگیرییان تەواوکردبوو، بەڵام مەرگی‌ محەمەد رێگەینەدا بەیەکبگەن.

شۆخان عەلی، دەستگیرانی محەمەد دەڵێت، "تاوەکو 11 و 30 خولەکی‌ شەو قسەیان بەیەکەوە کردووە و هیچ کێشەیەکی‌ نەبووە، دواتر نامەیەکی‌ بۆ ناردووە، بەڵام وەڵامی‌ نەداوەتەوە، رۆژی‌ دواتر چوونە شوێنی‌ مانەوەی‌ زانییان لە ژوورێکی‌ سەرەوەدا کوژرابوو".

لە رووکاری دەرەوەی ماڵەکەی محەمەد کە بڕیاربوو ئەو رۆژەی‌ تیایدا کوژرا ئاهەنگی‌ هاوسەرگیرییەکەی‌ لێ بگێڕێت، ئاسەواری‌ فیشەک نابینرێت، ئەوەی دەبینرێت تەنها یەک پەنجەرەی لای چەپی ماڵەکەیەتی کە کراوەتەوە، کەسوکارەکەشی دەڵێن، کوڕەکەیان گرفتی نەبووە و کێشەی کۆمەڵایەتیشیان لەگەڵ کەسدا نییە.

حسێن محەمەد، باوکی گەنجە کوژراوەکە دەڵێت، کوڕەکەی‌ سەرقاڵی‌ لەفە فرۆشتن بووە و کێشەیان لەگەڵ کەسدا نەبووە.

محەمەد ماوەیەکبوو لەو خانووەدا کرێچی‌ بوو کە تیایدا دەمایەوە، بڕیاریشبوو دوای‌ هاوسەرگیری هەر لەو شوێنەدا نیشتەجێبێت. دراوسێکانیشی‌ دەڵێن، کەسێکی‌ بێدەنگ بووە و بەیانیان دەچووە سەر کار و نیوەڕوانیش دەگەڕایەوە.

تا ئێستا پۆلیس هیچ سەرەداوێکی‌ دەستنەکەوتووە لەسەر کوژرانی‌ محەمەد و کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە.

سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری‌ ڕاگەیاندنی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند، تیمەکانی‌ بەڵگەی‌ تاوان چوونەتە شوێنی‌ رووداوەکە و بەڵگەکانیان کۆکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.

بەپێی راپۆرتی‌ پزیشکی‌ دادوەری‌ سلێمانی، تەرمی‌ محەمەد ئاسەواری پێنج فیشەکی‌ پێوەبووە، بەڵام تا ئێستا رووداوەکە بە ناڕوونی‌ ماوەتەوە و کەسوکارەکەشی‌ ئومێدیان لەسەر لێکۆڵینەوەکانی‌ پۆلیس هەڵچنیوە تا وردەکاریی رووداوەکەیان بۆ روون ببێتەوە.

هــ. ر


PM:11:08:22/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 37100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو