هاوپەیمانی نیشتیمانی داوای بەپەلە ئەنجامدانی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات


وێستگەنیوز:

هاوپەیمانی نیشتیمانی کە ئارام قادر سەرۆکایەتی دەکات داوا دەکات کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت لەزوترین کاتدا.

ئەمرۆ دوشەممە دوای دواخستنی کۆبونەی پەرلەمان و بەتایبەت هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

هاوپەیمانیی نیشتمانی ڕایگەیاندوە "كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەزانین بۆ دەستكردن بە كار و جێبەجیكردنی ئەركی پەرلەمان لە یاسادانان و چاودێریكردن، بەو پێیەی دواكەوتنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەكان، زیانی بە پێگەی سیاسی و ناوبانگی هەرێمی كوردستان گەیاندووە و پرۆسەی دیموكراسی و دۆخی سروشتیی كاری دامەزراوە یاساییەكانی خستۆتە ژێر پرسیار، ئەمە جگە لەوەی دواكەوتنی دەستبەكاربوونی پەرلەمان كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی ژیان و بژێویی هاووڵاتیان بووە و دەبێت، بۆیە هیوادارین بە زووترین كات كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجامبدرێت و تەواوی فراكسیۆن و پێكهاتە جیاوازەكان بەشداربن".

هاوپەیمانی نیشتیمانی ئاماژەی بەوەداوە " لە سەروبەندی دەستپێكی كاری پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، هاوپەیمانیی نیشتمانی لەگەڵ بوونی پەرلەمانێكی كارا و حكومەتێكی خزمەتگوزاردایە، هاوپەیمانی بە ئەركی نیشتمانی و ستراتیجیی خۆی دەزانێت كە چاودێری كارەكانی حكومەت بكات و ڕەخنە لە كەموكورتییەكان بگرێت، وێڕای ئەوەش، پڕۆژەیاسا پێشكەش بە پەرلەمان و حكومەت دەكەین كە لە بەرژەوەندی و خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت، هاوپەیمانی ئامادەیە بۆ هاوكارییكردنی حكومەت و پەرلەمان لەو بابەت و پرسانەی كە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەکان دەكەن، بۆیە هیوادارین ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لە جێبەجێكردنی ئەركە دیاریکراو و یاساییەكانیدا سەركەوتوو بێت، هەروەها حكومەتێكی خزمەتگوزار و هاووڵاتیدۆست پێكبێت".

هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەوەشی وتوە "ئەوان بەرهەڵستكارێكی جددی دەبێت بۆ دیاردە و دەردی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و سەرچاوەكانی وزە، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگیی تەواومان دەبێت لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیاین گەر ویستی چاكسازی هەبێت، توانای باشتركردنی دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ژیانی هاووڵاتیان هەیە.هەرچی تایبەتە بە بەشدارییپێكردنی پێكهاتەی توركمان و پێدانی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هاوپەیمانیی نیشتمانی لە بڕوابوونی بە ستراتیجییەتی پێكەوەژیانی سیاسی و نەتەوەیی پشتگیری لەو هەنگاوە دەكات و خوازیارە پێكهاتەكانی دیكەی مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی ڕۆڵی گرنگ و كارایان پێبدرێت لەپێناو دروستكردنی ژیانێكی شایستە بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمرۆ دوای ١٤١ ڕۆژ لە دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان نەگەیشتونەتە ڕیککەوتن.

هــ. ب


PM:02:44:18/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت