"کچێکی تەمەن 11 ساڵی خه‌ڵكی ئیلام لە بری قەرز لە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ مارە کرا"

‌وێنەکە وەرگیراوەو پەیوەندی بە رووداوەکەوە نیە

وێستگه‌ نیوز ـ
رێكخراوێكی مافی مرۆڤ رایده‌گه‌یه‌نێت، کچێکی تەمەن 11 ساڵی خەڵکی ئیلام لە جیاتی قەرزی باوکی لە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ مارە کراوە و ئێستا تووشی چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر بووە.


رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووه‌: "لە ماوەی رابردوودا، لە یەکێک لە گوندەکانی بەخشی زەردەڵان و هەلیلان-ی پارێزگای ئیلام، کچێکی تەمەن 11 ساڵ به‌ ناوی زارا، لە بری قەرزی باوکی كه‌ بڕی (15 ملیۆن تمەن) بووه‌، لە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ  بە ناوی سەفەرعەلی رەزایی، کە 39 ساڵ لە خۆی گەورەترە مارە کراوە و لە رووی ناچارییەوە مێردی پێکردووە".

یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی ئیلام کە لە نزیکەوە چاوی بە زارا کەوتووە رایگەیاند، "زارا ئێستا نیشتەجێی گوندی (پەیامنی زەردەڵان)ی ئیلامە و تووشی کێشەی دەروونی بووە و بەدەست ئازاری پشتییەوە دەناڵێنێت کە هۆکارەکەشێ ئەوەیە توانایی ئەو پەیوەندییەی نیە کە لەگەڵ مێردەکەی هەیەتی".

ئەو چالاکە مەدەنییە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: "ئێمە سەردانی چەندین ناوەندی پەیوەندیدارمان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکمان نەبووە".

لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە رۆژنامەنووسانی دانیشتووی ئیلام  راگەیاند، "بە هۆی هەژاری، کێشەی ئابووری و ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی بەخشی زەردەڵان و هەلیلان لەلایەن حکومەتەوە ناسنامەیان پێ نەدراوە، تا ئێستا چەندین حاڵەتی لەم شێوەیە بیندراوە و مه‌ترسی ئەوە هەیە کە ببێتە دیاردە و لە ناو کۆمەڵگادا بکرێتە باو و منداڵان و کچانی ناوچەکە وەک کاڵا بفرۆشرێن".


PM:11:05:05/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 14348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو