سه‌نته‌ری میترۆ ئاماری پێشێلكارییه‌كانی به‌رانبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێم راگه‌یاند

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
سەنتەری میترۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2018 دا 24 رۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراون.

شنە بابا عەلی، ئامارەکانی ساڵی رابردووی سەنتەری میترۆی راگەیاند و وتی، "هەر لەساڵی رابردوودا 17 رۆژنامەنووس بە بڕیاری دادگا و لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسی دەستگیرکراون".

راشیگەیاند، 264 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی لە سەنتەری میترۆ سکاڵایان تۆمارکردووە کە 349 پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

بە پێی ئامارەکانی سەنتەرەکە، پێشێلکارییەکان بەم جۆرە بوون:

رێگریی و جیاکاریی 188

دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 24

فەرمانی دەستگیرکردن بە بڕیاری داگا و لە دەرەوەی یاسای کاری رۆژنامەنووسی 17

لێدان 13

برینداربوون 12

شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی 3

زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی 26

هێرش، هەڕەشە و سوکایەتی 57

تەقەکردن و هێرش بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنووس 3

سوتاندنی کەناڵ 1

راگرتنی پەخش 5

سەنتەری میترۆ راشیگەیاند، ساڵی 2018، بە هەموو پێوەرەکان ساڵی رێگریی لە روماڵکردن وجیاکاریی بەرامبەر دەزگاکانی میدیا بووە و ساڵێکی خراپ بووە بۆ پێدانی زانیاریی.

هاوکات زیا پترۆس سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا رایگەیاند، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ  لە ساڵی 2013  سێکتەرێکیان بۆ بەرگری کردن لە مافی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران و پارێزگاریکردن لە مافەکانیان داناوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی دەستەی سەربە خۆی مافی مرۆڤە هەمیشە و بەردەوام بەرگری لە مافی رۆژنامەنووسان بکات و فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کورستان ئەو راپۆرتە بە گرنگ سەیر بکرێت.

وتیشی، "وەك چۆن راپۆرتێکی جیهانی بە گرنگ سەیر دەکرێت و مییدیا کوردیەکان پێوەی سەرقاڵ دەبن، پێویستە ئەم راپۆرتەی سەنتەری میترۆ کە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە بە گرنگ سەیر بکرێت و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی رۆژنامەنووسان بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێن".

هــ. ر


PM:12:39:17/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 2104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو