عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانیدا به‌ داگرتنی ئاڵای كوردستان لە کەرکوک

‌عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق فه‌رمانیدا به‌ داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كانی یه‌كێتی له‌ شاری كه‌ركوك.


به‌پێی راگەیەندراوێک كه‌ نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڵاویكردووه‌،‌ "سه‌رۆك وه‌زیران، په‌یوه‌ندی به‌په‌له‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عیراق ئه‌نجامداوه‌ كه‌ پارێزه‌ری ده‌ستووری عیراقییه‌ و شه‌ونخوونی ده‌كات بۆ زامنكردنی پابه‌ندبوون به‌ده‌ستووره‌وه‌. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كانیشەوە كردووه‌ و رێنماییكردووه‌ به‌هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ربانی باره‌گای حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ كه‌ركوك، چونكه‌ ئه‌م كاره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "باشترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پرس به‌دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی بكرێت له‌باره‌ی ده‌ستووری بوونی ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ر له‌ جێبه‌جێكردنی، ئه‌گه‌ر ویستمان رێز له‌ ده‌ستوور بگرین كه‌ هه‌موو لایه‌نێك بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن".

له‌ راگەیەندراوەکەدا زیاتر هاتووه‌ "به‌شێك له‌سیاسه‌توانه‌كان له‌میانی په‌یوه‌ندیكردنی سه‌رۆك وه‌زیران، پێشنیازی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ كه‌ركوك ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ره‌ و مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئاڵای هه‌رێمیش هه‌ڵبكه‌ن، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌ركوك ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ره‌ و ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه‌ی كه‌ ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان دایڕشتووه‌ و دۆخی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ و ناكرێت هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ریدا بێت تا ئه‌و كاته‌ی له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵكردنی ئاڵا و لۆگۆی هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كان ئاساییه‌ و پێشێلكاری ده‌ستوور نییه‌".

شەوی رابردوو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ كه‌ركوك له‌ مه‌ڵبه‌ندی دوو و ته‌واوی باره‌گا حزبیه‌كانی ئاڵای كوردستانی له‌ پاڵ ئاڵای حزبه‌كه‌ی هه‌ڵكرد و ئه‌و كاره‌شی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ به‌پێی ده‌ستوور، كه‌ركوك ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ره‌و تا چاره‌نووسی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ ده‌كرێت ئاڵای كوردستانیش له‌ پاڵ ئاڵای عیراق هه‌ڵبكرێت.

ئەو هەنگاوەی یەکێتیش کاردانەوەی لە ناوخۆی عیراق لێکەوتەوە، رێکخراوی بەدر لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك لەلایەن یەكێتیی نیشتمانی کوردستانەوە هاتەدەنگ و ره‌خنه‌ی تووندی لێگرت.

مانگی رابردوویش لەرۆژی ئاڵادا حزبی شیوعی ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگاکەیان هەڵکرد، بەڵام دوای دوو کاتژمێر بەفشاری دژەتیرۆری عیراق ناچاربوون جارێکی دیکە دایبگرن.

له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌رو كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراق و دژه‌ تیرۆر رێگه‌یان به‌ هێزه‌ كوردییه‌كان نه‌ده‌دا ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك هه‌ڵبكه‌ن.

هــ. ر


PM:07:25:09/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 19476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو