‌یه‌كێتی له‌سه‌ر داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاڵای كوردستان دانەگیراوە.

محەمەد دوشیوانی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق لە بەردەم بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لە كەركوك رەخنەی تووندی گرت و رایگه‌یاند: "هه‌ندێك حزب لە دوورەوە فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركوك دەڕێژن".

محه‌مه‌د دوشیوانی، وتیشی: "ئەو حزبە هەر شتێك لە ئاڵا هەڵكردن یان شەڕ یان هەر شتێكی تر خۆیان كردبێتیان بۆتە دەستكەوت و قازانجی كورد و كوردایەتی، بەڵام ئەگەر لایەنی تر كردبێتی ئەوە وەك دوژمن سەیری دەكەن".

راشیگەیاند، كە هەندێك حزب و لایەن پڕوپاگەندە بڵاودەكەنەوە و ئەم شارە بە داگیركراو دەزانن و ئەنجومەنی پارێزگایان لە كەركوك پەكخستووە، بەڵام خۆیان ئەنجومەنەكەیان لە پردێ‌ و مەخمور و موسڵ كاراكردوه‌تەوە و لە شنگال شەڕی پۆست دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم شارە زۆربەی یەكێتیە پڕوپاگەندە دەكەن.

وتیشی: "ئێمە لە بنكە سەرەكیەكانی یەكێتی لە كەركوك ئاڵامان هەڵكردووە و بەهۆی ئەوەی یەكەم رۆژ حەماسێكی زۆر هەبوو بۆیە لە زۆر شوێن ئاڵا هەڵكراوە، بەڵام ئێمە بە فەرمی لەو شوێنانەی ئاڵای كوردستانمان هەڵكردووە لێی بەرپرسین و دایان ناگرین".

سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی جەختی كردەوە، "داوامان پێشكەش كردووە بۆ شرۆڤەی هەڵكردنی ئاڵا لە ناوچە جێناكۆكەكان و هەر بڕیارێك لەو دادگایە بدرێت پێوەی پابەند دەبین".

ئاشكراشی كرد، كە هەنگاوی یەكەم لە كەركوك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بووە و ئەوەش پێشتر گفتوگۆی لەسەر كراوە و هەنگاوێكی راست بووە و هەنگاوی دیكە هەیە، كە لە داهاتوودا بۆ هەموان دەردەكەوێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ شاری كه‌ركوك به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: یه‌كێتی جگه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی دوو و باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی، ئاڵای كوردستانی له‌سه‌ر باره‌گای كۆمیته‌كانی داگرتووه‌.

ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: حكومه‌تی عیراق له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ له‌ دادگا سكاڵای له‌سه‌ر یه‌كێت تۆماركردووه‌، بۆیه‌ تا دادگا ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە، ئاڵای کوردستان تەنیا لە مەکتەبی سیاسی و مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی دەمێنێتەوه‌.

شەوی‌ سێشەممە لەسەر چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2019، مەڵبەندی‌ یەکێتیی نیشتمانیی لە کەرکوک ئاڵای‌ کوردستانی‌ لەسەر بارەگاکەی‌ خۆی‌ لەو شارە هەڵکرد، ئەمەش کاردانەوەی پێکهاتەکانی تری کەرکوکی لێکەوتەوە ئەم هەنگاوەیان بە هەوڵی‌ سەپاندنی‌ ئەمری‌ واقیع و نایاسایی دایە قەڵەم.

هــ. ر


PM:02:15:11/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 2784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو