قایمقامی مەخمور: ناتوانم بڵێم ئه‌و فڕۆكانه‌ی بۆردومانی کەمپی مه‌خوریان كرد توركی بوون

‌رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور

وێستگه‌ نیوز ـ
رزگار محەمەد قایمقامی قەزای مەخمور رایگه‌یاند، له‌ بۆردومانکردنی کەمپی مەخموردا بکەر نادیارە، ده‌شڵێت: "من بە شێوەیەکی فەرمی تەنانەت ناتوانم بڵێم ئەو بۆردومانە لەلایەن فڕۆکەی تورکیەوە کراوە یا هی چ لایەنێک بووە".


کۆتایی هەفتەی رابردوو فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی کەمپی مەخموریان کرد بەو هۆیەوە چوار کەس شه‌هید بوون و چواری دیكه‌ش بریندار بوون.

دواتر به‌رپرسانی ئه‌منی توركیا رایانگه‌یاند، كه‌له‌ بۆردومانه‌كاندا 20 فڕۆكه‌ی جه‌نگی به‌كار هاتوون له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان.

رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخمور به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: " ئەو رووداوە تەنها یەکجار بووە کە لەلایەن دوو فڕۆکەوە بۆردومانەکە کراوە و بەشی رۆژهەڵاتی کەمپەکەی گرتوه‌تەوە، خۆ ئەگەر ناوەوەی کەمپەکەی بگرتایەوە ئەوە قوربانیەکان زیاتر دەبوون و كاره‌ساته‌كه‌ گه‌وره‌تر ده‌بوون چونکە ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکە 12 هەزار کەسە".

قایمقامی قەزای مەخمور جەختی کردەوە: "جگە لە رووداو هیچ ناوێکی تری نیە چونکە (توصیف-ە قانونی)یەکە وایە چونکە ئەو لایەنەی پێی هەستاوە (بۆردومانکردنی کەمپی مەخمور) لای من دیار نیە ناتوانم بەشێوەیەکی فەرمی بڵێم فڵانە لایەنە چونکە خۆی وتویەتی منم، ئەوی کەدەزانین دوو فڕۆکە بووە بۆردومانی کردووە، بەڵام ناتوانم بڵێم هی کێیە، قسەی خەڵک دەتوانم بگێڕمەوە بەڵام ناتوانم وەک لایەنێکی فەرمی بڵێم هی کێ بووە ئەو فڕۆکانە".

سەبارەت بەوەی وەک قایمقامی قەزای مەخمور ئایا بە دواداچونیان کردووە کە هۆکاری ئەو بۆردومانە چی بووە؟ رزگار محەمەد رایگەیاند، "سەبارەت بەمن ئەوە بکەر نادیارە، من بە شێوەیەکی فەرمی تەنانەت ناتوانم بڵێم ئەو بۆردومانە لەلایەن فڕۆکەی تورکیەوە کراوە یا هی چ لایەنێک بووە ئەو فڕۆکانە، تەنها قسەکە لە زاری خەڵکی ئەوێوە بیستومانە و دەیگێڕنەوە، وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی مەخمور کە سەر بە ئێمەیە تا ئێستا نەیانتوانیووە سەردانی ئەو شوێنە بکەن بۆ دیاریکردنی زیانەکانی یاخود ئەو کەسەی کە تۆمەتبار دەکرێت بە "ئیعتباری" ئەو خەڵکەی باسی دەکەن، ئەو ناوچەیە "عایدی" پۆلیسی فیدراڵیە ئەوان چوونەتە شوێنەکە بۆ لێکۆڵینەوە تا ئەوانیش نەیانوتووە کە فڕۆکەکان تورکی بوون یا هی لایەنی تر کە ئەو کەمپەی بۆردومان کردووە".

دەربارەی ئەوەی هەڵوێستیان لەوبارەیەوە چی بووە؟ قایمقامی مەخمور رایگەیاند، "ئێمە گەیاندومانە بەسەرو خۆمان کە پارێزگاری هەولێرە بەتەلەفۆن قسەمان لەسەری کرد و باسی زیانەکانیمان کرد لەگەڵ دابینکردنی "ئیسعاف" و شوێن لە نەخۆشخانە بۆ بریندارەکان، ئەوی تر بابەتی سەروەرییە پەیوەندی بەسەر و ئێمەوە هەیە".

وتیشی: "جگە لە پارێزگاری هەولێر کە بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ کردووە لەسەر پێداویستی بۆ نەخۆشخانە وە چۆنیەتی رووداوەکە هیچ لایەنێکی فەرمی حکومەتی هەرێم و عیراقی لێی نەپرسیوون هۆکاری رووداوەکە و هەڵوێستیان چیە؟".

رزگار محه‌مه‌د وتیشی: "ئەو کەمپە وەک وتم زیاتر لە 12هەزار کەرسی تیادا نیشتەجێیە کە خەڵکی سڤیلن و ژن و منداڵ و خێزانن ئەگەر جموجۆڵیش هەبێت نابێتە پاساو بۆ هێرش کردنە سەریان بەو شێوەیە کە مەترسی بکەوێتە سەر ژیانی ئەو هەموو خەڵکە کە لەوێیە.بۆیە بەتوندی دژی دەوەستینەوە." وتیشی" هەڵکەوتە جوگرافیەکەی کەمپەکە لە ناوچەیەکی قوڵاییە، سەدان کیلۆمەتر لە سنوورەکان دوورن بۆیە ئەگەر جموجۆلیش هەبێت ناوخۆییە و هیچ زیانێکی بۆ دەرەوە نیە".

دەربارەی ئەوەی ئایا مەترسی دووبارە بونەوەی بۆردومانکردن بۆ سەر کەمپەکە پێشبینی کراوە بۆ ئەوان؟

قایمقامی مەخمور وتی:  "ئاسمانی عیراق لەوانەیە ئاسمانێکی کراوە بێت، ئەو هێزانەی بەرپرسن لەپاراستنی ئاسمانی عیراق وەک پێویست کارەکانیان ناکەن، نەدەبوو ئەوەی یەکەمجار رووبدات، ناشزانین جاری دووەم و سێیەمی بەدوادا دێت یان نا؟".

هــ. ر


PM:02:00:17/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 1504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو