ئێران 10 بازرگانی كوردی به‌ 70 ساڵ بەندکردن سزادا و ده‌ستیشی به‌سه‌ر ماڵ و موڵكیاندا گرت

‌دیمەنێک لە شاری کرماشان

وێستگه‌ نیوز ـ
دەزگای دادوەریی ئێران سزای بەندکردنی بەسەر 10 بازرگانی خەڵکی کرماشان سەپاند و دەستی بەسەر هەموو ماڵ و موڵکەکەیاندا گرت.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە 14ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، غولام حوسین ئەژەیی، جێگری یەکەمی دەزگای دادوەریی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە سەپاندنی سزای بەندکران بۆ دەیان کەس بە تۆمەتی قاچاخی پارە و شت و مەک کرد.

ئەژەیی رایگەیاند: لە پارێزگای کرماشان سەرجەم 10 کەس  بە تۆمەتی قاچاخی سووتەمەنی و شت و مەک سزای بەندکران و زەوتکرانی داراییەکانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی ناوبراو ئەو 10 هاوڵاتییە کوردە لەسەریەک حوکمی 70 ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی ئەو سزایه‌، نەریمان بەختیاری بە 15 ساڵ بەندکران، وەحید مورادی حوکمی پێنج ساڵ بەندکران، سدیق تاهیری بە پێنج ساڵ بەندکران، حەسەن نیک رەوش بە پێنج ساڵ بەندکران، هومەن بەهرەمەند بە پێنج ساڵ بەندکران، محەمەد تاها یوسف شاهی بە پێنج ساڵ بەندکران، حەسەن عەزیزی بە پێنج ساڵ بەندکران، محەمەد مرادی بە پێنج ساڵ بەندکران،  سەردار محەمەدی بە پێنج ساڵ بەندکران  و بەهیە ئەسین چیلە بە پێنج ساڵ بەندکران سزا دراون.

هەروەها بە پێی ئەو سزایە هەموو ماڵ و موڵک و دارایی ئەو 10 کەسە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

هــ. ر


AM:09:16:15/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 46200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو