له بارهی دانانی فیلتهری ئاوی ماڵانهوه هۆشداری دهدرێت
نموونەیەک لە فیلتەری ئاوی ماڵان
وێستگه نیوز ـ ههستیار
بهڕێوهبهری فهرمانگهی ئاوی سلێمانی له بارهی دانانی فیلتهری ئاو بۆ ئاوی خواردنهوهی ماڵان هۆشداری دهدات و رایدهگهیهنێت، سكاڵایان لهسهر ئهو كۆمپانیایانه تۆمار كردووه كه كاری دانانی فیلتهری ئاوی ماڵانیان كردووه، بهو پێیهی ئاوی خواردنهوهی ماڵان كێشهی نییهو بۆ خواردنهوه گونجاوه.
بهپێی زانیارییهكانی وێستگه نیوز، چهند كۆمپانیایهك له رێگهی سهردانی كردنی ماڵانهوه له چهند گهڕهكێكی شاری سلێمانی، پێیان راگهیاندوون كه ئاوی خواردنهوهی ماڵهكهیان پاك نییهو پێویسته فیلتهری ئاو بهكاربهێنن.
هاوكات بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی دڵنیاییدا لەوەی ئاوی سلێمانی پاكە و بۆ خواردنەوە شیاوە، بەجۆرێك لەژێر پشكنینی هەر سێ تاقیگەكەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی و فەرمانگەی ئاوی سلێمانی دەرچووە.
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ببه وێستگه نیوزی راگهیاند: "ئەم كۆمپانیایانە هەوڵدەدەن خەڵك بڕوتێننەوە، ئەگەرنا سەرەتا كە دەستیانپێكرد وتیان لەو شوێنانەی تۆڕی ئاویان نییە و ئاوی بیر دەخۆنەوە، دەچن پشكنین بۆ ئاوی ئەو بیرانە دەكەن و فلتەریان پێدەفرۆشن، بەڵام ئێستا بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك بەماڵەكاندا دەگەڕێن، بۆیە سكاڵایان لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆماركردووە".
وتیشی: "لە هەموو عیراقدا كەمترین حاڵەتی سكچوون و رشانەوە و هەندێكجار كۆلێرا، كەمترین رێژە تۆمار دەكات، هاوكات لەهەر تاقیگەكاندا دەركەوتووە ئەم ئاوە شیاوە بۆ خواردنەوە، كەواتە ئەمە سەلمێنەری پاكوخاوێنی ئەم ئاوەیە".
بهڕێوهبهری فهرمانگهی ئاوی سلێمانی راشیگهیاند: "ئاوی خواردنەوە پێویستە هەندێك مادەی تواوەی وەك كالیسیۆم و مەگنیسیۆم و چەند مادەیەكی دیكەی تێدابێت، بەڵام ئەم كۆمپانیایانە بە كردارێكی كارەبایی ئەو مادانەی ناو ئاوەكە دەنیشێنن و ئاوەكە دەكەنە ئاوی موقەتەر، ئەمەش هەڵخەڵەتاندنی خەڵكە".
روونیشیكردهوه: لە فەرمانگەی ئاوی سلێمانی لەكاتی پێویستدا لیژنەیەك دروستدەكەن، بۆ ئەو ماڵانەی گومانیان لەپاكو خاوێنی ئاوی ماڵەكەیاندا هەیە، بۆیە هەر هاووڵاتییەك دەتوانێت فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ئاگاداربكاتەوە، بۆ ئەوەی سەردانی بكەن و چارەسەری گرفتەكەی بكەن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، نایشارنەوە و شەرم لەخەڵك ناكەن هەر كاتێك هەریەك لەتاقیگەكانی فەرمانگەی ئاوی سلێمانی و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی وتیان ئاوی سلێمانی پاك نییە، ئەو كاتە بەئاشكرا بە خەڵك دەڵێن: "ئەم ئاوە بەكارمەهێنن"، بەڵام تاكو ئێستا ئەو ئاوە خاوێنە و شیاوی خواردنەوەیە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا ئاوی سلێمانی رەنگی دهگۆڕێت و دەگۆڕێت بۆ زەرد، هەندێك كۆمپانیاش ئەمە بەهەل دەزانن و هەوڵدەدەن فلتەری ئاوەكانیان بەسەر هاوڵاتیانیاندا ساغ بكەنەوە.
PM:12:23:24/09/2018
ئهم بابهته 14832
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت