وەزیری كۆچ و كۆچبەران: نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانیان

‌د.دەرباز محەمەد

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، تائێستا نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە ماوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و هەندێكیشیان دەیانەوێت لە كوردستان بمێننەوە.


وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بەهەمانگی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی و رێكخراوی unhcr لەشاری سلێمانی ۆركشۆپێكی سازكرد سەبارەت بە داهاتووی ئاوارەكان دوای چوار ساڵ لەئاوارەییان.

د.دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائێستا 60 %ی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە و 40%یشیان كە دەكاتە دوو ملیۆن تائێستا لەناوچەكانی كوردستانن و روونیكردەوە، مانەوەی ئاوارەكان تائێستا كە نزیكەی چوار ساڵە، رێژەیەكی بەرچاویان ژیانیان لێرە گونجاندووە و بەپێی دەستووریش ناتوانن زۆریان لێبكەن بگەڕێنەوە، بۆیە دەبێت بزانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن و لەمەودوا حسابی نیشتەجێبوونی هەمیشەییان بۆ بكەن.

لە وەڵامی پرسیاری وێستگە نیوز سەبارەت بە هۆكاری سەرەكی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان چییە؟، دەرباز محەمەد دەڵێت، چەند هۆكارێك هەیە ئەوانەی پارێزگای موسڵ وێرانەیی و لایەنی ئەمنییە، بەشێكی دیكەشیان خۆیان لەگەڵ ئیشی ئێستا گونجاندووە، بۆیە بەرژەوەندییەكەیان وا دەخوازێت نەگەڕێنەوە.

بەهۆی داگیركردنی زۆربەی ناوچە سوننەكان لەلایەن رێكخراوی داعشەوە لە هاوینی 2014، خەڵكانی ئەو ناوچانە ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بوون.


PM:02:26:06/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 1416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو