بەوێنە و ڤیدیۆ.. وێستگە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی ئاوەدانکردەوە

‌مەریوان وریا قانع و رێبین هەردی

وێستگە نیوز ـ
رۆشنبیرانی ئامادەبووی كۆڕەكەی د.مەریوان وریا قانیع سازكردنی كۆڕەكەیان بە سەرەتای باس بۆ جوڵاندنەوەی دۆخی رۆشنبیری و گفتوگۆی مەدەنییان لە شاری سلێمانی وەسفكرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی، دەزگای میدیایی وێستگە كۆڕێكی فیكری بۆ د.مەریوان وریا قانیع نوسەر و روناكبیری دیاری كورد سەبارەت بە (عەلمانیەت و دین- پێكدادانی دۆگماكان) سازكرد كە نووسەر و رۆشنبیر رێبین هەردی، ئەركی بەڕێوەبردنی كۆڕەكەی لەئەستۆ گرت.

هەر لەساتاكانی پێش دەستپێكردنی كۆڕەكە كە زیاتر لە 500 كەس دەگرێت، تەواوی هۆڵەكە پڕبوون لە هاوڵاتیان و رۆشنبیر و سیاسییەكان بەجۆرێك هەندێك لە ئامادەبووان لەسەر زەوی هۆڵەكە دادەنیشتن.

سەرەتا رۆژنامەنووس سیروان غەریب، سە دەزگای وێستگە و سەرنووسەری سایتی وێستگە نیوز دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان گرنگی ئەم كۆڕەی روونكردەوە و وتی: "ئەمە یەکەم کۆڕی فیکریە کەدەستگاکەمان پێ هەڵبسێت، لەقۆناغێکدا کە فکر بەشێوەیەکی گشتی لەمەیدانی گشتی هەرێمی کوردستاندا پاشەکشەی کردوە مەیدانەکەی بۆ میدیای بینراو و سۆشیال میدیا جێهێشتوە".

وتیشی: "گرنگی هاتنی ئێوەش بۆ ئەم کۆڕە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کەدەلیلە لەسەر ئەوەی واقعی رۆشنبیری ئێمە لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ فکرو رەخنە و دیالۆگی جدی".

راشیگه‌یاند: "هیوادارین ئەم کۆرە سەرەتایەک بێت بۆ زیندبوو بونەوەی دیارەدی کۆڕ و کۆبونەوەی فیکری و بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی رەخنەگرتن لەمەیدانی جەماوەریدا".

سەرەتای كۆڕەكە مەریوان وریا قانیع بەوردی باسی تەوەرەكەی خۆی كرد، دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوە، بەشێكی زۆری نوێنەری لایەنە سیاسییەكانیش كە ئامادەی كۆڕەكە بوون، سازكردنی ئەو كۆڕەیان بە كارێكی گرنگ ناوبرد.

عوسمان زیندانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای سلێمانی حزبی شیوعی كوردستان كە ئامادەی كۆڕەكە بوو بە ئاماژەدان بەوەی دەزگای میدیایی وێستگە كارێكی باشی بۆ سازكردنی كۆڕێكی لەو شێوەیە كردووە رایگەیاند، زیاتر لە 10 ساڵە كۆڕی فیكری لەم شێوەیە جەماوەری و تێكەڵا لە فیكرە جیاوازەكان نەكراوە، بەتایبەتیش لەم دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی ئێستادا سازكردنی ئەو كۆڕە كارێكی جیاواز بوو، سەرەتایەكی باشە بۆ جوڵاندنی دۆخی رۆشنبیری و گفتوگۆی مەدەنییانە.

موسەننا ئەمین، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كاتی بەشداریكردنی لە گفتوگۆدا سوپاسی وێستگەی كرد بۆ سازكردنی ئەم كۆڕە جەماوەرییە.

هەروەها نووسەر فازیڵ قەرەداغی لە كاتی بەشداریكردن لە گفتوگۆی كۆڕەكە سەرەتا سوپاسی وێستگەی كرد كە ئەم كۆڕەی سازكردووە و جەختیكردەوە كە ماوەیەكی زۆرە كۆڕی لەم جۆرە لەم هۆڵە سازنەكراوە.

بەهەمانشێوە عەبدوڵا رێشاوی نووسەر و رۆژنامەنووس، رایگەیاند دەزگای وێستگە و سایتی وێستگە نیوز هۆڵی رۆشنبریان ئاوەدانكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد لە ساڵانی نەوەدەكانەوە چالاكی فیكری لەم شێوەیە نەكراوە.

هــ. ر


PM:10:23:15/08/2018














































ئه‌م بابه‌ته 5392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو