عەلی حەمەساڵح وەڵامی عەبدوڵای مەلا نوری دایەوە

‌عەلی حەمەساڵح

وێستگە نیوز- 
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی عەبدوڵای مەلا نوری دایەوە و دەڵێت، سەرۆكی لیست لای من تەنیا ئەركێكی قورسە، ئێستاش لە بزووتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێك دەدەن پێوەی پابەندم.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری ئێستای گۆڕان و سەرۆكی لیستی حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی نامەیەكی بۆ جڤاتی نیشتیمانی، ‎لیژنەی باڵای هەڵبژاردن، هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان ناردووە و نووسیویەتی، كاتێك هاتۆتە گۆڕان و یەكەمجار نەوشیروان مستەفای بینیوە، تەنیا خەونی ئەوەبوو پشتیوانێكی ئەو پیاوە ‌بێت بۆ گۆڕانكاری،  چاوی لە هیچ پۆست و پلەیەك نەبوو. 

‎ناوبراو دەڵێت "لە هەڵبژاردنی پێشوو  زیاتر ١٤٠ هەزار دەنگم هێنا، نەك داوای سەرۆك فراكسۆنیم نەكرد، داوای سەرۆكی لیژنەیەكیشم نەكرد و پشتیوانی سەرۆك فراكسیۆن و سەرۆك لیژنەكان بووم، لە پێش پەرلەمانتاریشم هاوكاری فراكسیۆنی پێشوی گۆڕان بووم و ساڵانەو خۆبەخشانە ڕاپۆرتی بودجەم بۆ ئامادەدەكردن". 

ئەو نووسینەی عەلی حەمەساڵح دوای ئەوە دێت، بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، گۆڕان لیستێكی 100 كاندیدی پێشكەشكرد و عەلی حەمەساڵح كرایە سەرۆكی لیست، ئەوەش هەڵایەكی گەورەی لێكەوتەوە بەو پێیەی بڕیاربوو عەبدوڵای مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بكرێتە سەرۆكی لیستەكە.

شەوی رابردووش عەبدوڵای مەلا نوری لە فەیسبوكی خۆی نووسیبوی "لە تەلەفزیۆنی كەی ئێن ئێن-ە وە، بەڕێز كاك ئاواتی شێخ جەناب باسی ئەوەی كرد گوایە سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا هەڵبژێردراوە".

ئەوەشی نووسیوە " لەو بارەوە بە پێویستم زانی ئەوە بڵێم: سەرۆكی لیستی گۆڕان لە مانگی 11ی 2017وە دانرابوو، ئەو گۆڕانكاریەی كە كرا بە هۆی چەند تەلەفۆنێكەوە بوو، یەكێك لەوانەی تەلەفۆنی بۆ كرا كاك ئاوات بوو".

هەروەها وتبووی "بە پێی دەستووری گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، دەنگدان تەنها لە ناو جڤاتدا دەكرێت، هەموان حەقیانە بپرسن بۆ ئەمە نەكرا!!!."

عەبدوڵای مەلا نوری  لە كۆتایدا دەڵێت: "لای من ئەو دۆسیە داخراوە، هیوادارم ناچار بە قسەی تر نەكرێین".

لە بەرامبەر عەلی حەمەساڵح دەڵێت "‎ئەمجارەش چەند دۆستێك وتیان: بەبڕیاری جڤات، لیژنە و لیستەكەی مانگی ١١ هەڵوەشاوەتەوەو لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە جڤاتەوە سەر لە نوێ پێكهاتووەو هەموو دەسەڵاتێكیان هەیە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "پێیان وتم: تۆ هەم لە پەرلەمان كاری باشت كردووەو هەم لەنێو خەڵكیش دەنگ كۆدەكەیتەوە، بۆچی خۆت هەڵنابژێریت بۆ سەرۆكی لیست بۆ گۆڕان باشە، منیش پێشنیارەكەم پێباشبوو خۆم هەڵبژاردو لەلایەن زۆرینەی لیژنەكەوە بە دەنگدان هەڵبژێردرام،  بڕیاریشم ئەوەبوو ئەگەر ڕكابەرەكەم دەربچێت پیرۆزبایی لێبكەم و بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی بم".

عەلی حەمەساڵح روونیكردۆتەوە "هەر بۆ زانیاریشتان لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە جڤاتی نیشتیمانییەوە پێكدەهێنرێت هەموو دەسەڵاتێكی هەیەو مانگی ١١ی ٢٠١٧ كە لیست تەقدیم كرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەی نوێنەرانی عیراقیش لەمساڵ هەر لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لیست و سەرۆك لیستی دیاری كردوە، نەك لە جڤاتەوە دەنگدانی بۆ بكرێ!". 

پێشتر بەشێك لە میدیاكان بڵاویان كردەوە كە پارتی ڕۆڵی سەرەكی هەبووە  لە دیاریكردنی سەرۆكی لیستەكاندا، بەتایبەتی بۆ هەردوو لایەنی یەكێتی و گۆڕان و هەروەها ڤیتۆی هەبووە لەسەر هەندێك كەسایەتی كە پێشتر وەك سەرۆكی لیستی ئەو دوو لایەنە ناویان دەهێنرا.

دەقی روونكردنەوەی عەلی حەمەساڵح..


بەڕێزان لە جڤاتی نیشتیمانی 
‎لیژنەی باڵای هەڵبژاردن
هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكانی گۆڕان 

‎كاتێك هاتمە گۆڕان و یەكەمجار كاك نەوشیروانم دیت، تەنیا خەونم ئەوەبوو پشتیوانێكی ئەو پیاوه ‌بم بۆ گۆڕانكاری.  چاوم لە هیچ پۆست و پلەیەك نەبوو. 

‎لە هەڵبژاردنی پێشوو  زیاتر ١٤٠ هەزار دەنگم هێنا، نەك داوای سەرۆك فراكسۆنیم نەكرد، داوای سەرۆكی لیژنەیەكیشم نەكرد و پشتیوانی سەرۆك فراكسیۆن و سەرۆك لیژنەكان بووم.  


لە پێش پەرلەمانتاریشم هاوكاری فراكسیۆنی پێشوی گۆڕان بووم و ساڵانەو خۆبەخشانە ڕاپۆرتی بودجەم بۆ ئامادەدەكردن. 
‎ئەمجارەش چەند دۆستێك وتیان: بەبڕیاری جڤات, لیژنە و لیستەكەی مانگی ١١ هەڵوەشاوەتەوەو لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە جڤاتەوە سەر لە نوێ پێكهاتووەو هەموو دەسەڵاتێكیان هەیە، پێیان وتم: تۆ هەم لە پەرلەمان كاری باشتكردووەو هەم لەنێو خەڵكیش دەنگ كۆدەكەیتەوە، بۆچی خۆت هەڵنابژێریت بۆ سەرۆكی لیست بۆ گۆڕان باشە، منیش پێشنیارەكەم پێباشبوو خۆم هەڵبژاردو لەلایەن زۆرینەی لیژنەكەوە بە دەنگدان هەڵبژێردرام.  بڕیاریشم ئەوەبوو ئەگەر ڕكابەرەكەم دەربچێت پیرۆزبایی لێبكەم و بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی بم.

هەر بۆ زانیاریشتان لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لە جڤاتی نیشتیمانییەوە پێكدەهێنرێت هەموو دەسەڵاتێكی هەیەو مانگی ١١ی ٢٠١٧ كەلیست تەقدیمكرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەی نوێنەرانی عێراقیش لەم ساڵ هەر لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لیست و سەرۆك لیستی دیاری كردوە، نەك لە جڤاتەوە دەنگدانی بۆ بكرێ! 

‎پێش هەڵبژاردن یەك كەس نەیوتووە خۆت هەڵمبەژێرە ئەگینا دەكشامەوە، هەرگیز چاوەڕێ نەبووم لەسەر سەرۆك لیستی ئەم دۆخە دروست ببێت، چونكە چەندین جارو ئەم جارەش خەڵكی شایستە لە لیستەكەدان و سەرۆك لیست نەبوون و ئەمە یەكەم جارە هەڵایەكی لەم شێوەیە دروست بكرێت! 

‎سەرۆك لیستی لای من تەنیا ئەركێكی قورسە، ئێستاش بەڕێزتان لە بزوتنەوەی گۆڕان هەر بڕیارێك دەدەن من پێوەی‌ پاپەندم، ئامادەم سەرۆك لیست نەبم، كاندید بم، ئامادەم كاندیدیش نەبم وەك حەملەی رابردو لە زاخۆوە تا كفری بانگەشەبكەم.

‎لای من گرنگ سەرخستنی گۆڕانە وەك دوا پرۆژەی كاك نەوشیروان. 

‎بە دێژایی ئەو سالانەی لەم پڕۆژە سیاسیەدام ئامادە بوم و ئامادەم بۆ گۆڕان قوربانی بە ڕۆحی خۆم و منداڵەكانم بدەم سەرۆك لیستی چیە،هەرگیز لای بەندە مەوزوع نیە!

‎دڵنیابن لەدەرەوەی كاندیدی و سەرۆك لیستیش ‌ بە هەمو توانامەوە بانگەشە بۆ سەرخستنی گۆڕان دەكەم.  
گرنگ نیە كێ سەرۆك لیستە، گرنگە بە هەموومان ڕێگا لەو هێرشە ناڕەوایە بگرین كە دەكرێتە سەر بزوتنەوەی گۆڕان.  

‎ئەوەی گرنگە چۆن بەیەك دەست و بەیەك تیم دەچینە هەڵبژاردن، یەكەم هەڵبژاردنی دوای كاك نەوشیروان بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ هەموومان بەرپرسیاریەتیەكی قورسە. 

‎لە هەركوێ كارێك هەبوو من ئامادەم بۆ گۆڕانی بكەم.

‎عەلی حەمە ساڵح.
٢/ ٨/2018




PM:12:54:02/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 8916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو