جه‌میل بایك: ده‌مانویست كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی چاره‌سه‌ر بكه‌ین

‌جەمیل بایک

وێستگه‌ نیوز ـ
هاوسەرۆکی‌ دەستەی‌ بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، ئەوان دەیانویست پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی‌ باش بکەن و کێشەکانی‌ نێوانیان چارەسەر بکەن، بەڵام لەناکاو دۆخێکی‌ تر هاتە ئاراوە و تورکیا هێرشی‌ بۆ سەر پەکەکە لە سنوری‌ برادۆست دەستپێکرد.


جەمیل بایک بە میدیاکانی‌ نزیک لە پەکەکەی‌ راگەیاندووە، جێگیربوونی‌ سەربازانی‌ سوپای‌ تورکیا لە باشووری‌ کوردستان هەنگاون بۆ داگیرکردنی‌ تەواوی‌ باشووری‌ کوردستان و دەڵێت، ئەگەر حزبەکانی‌ باشوور و حکومەتی‌ هەرێم لە بەرامبەر ئەوەدا بێدەنگ بن و قبوڵی‌ بکەن، هەڵە دەکەن.

ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، تورکیا بۆ ئەوەی‌ بگاتە قەندیل دەبێت بە درێژایی‌ 100 کیلۆمەتر دۆڵ و چیا ببڕێت و بە هێزی‌ سەربازی‌ کۆنترۆڵی‌ بکات، بە بێ هاوکاری و پشتیوانی‌ پارتیش ناتوانن ئەو کارە بکەن.

جەمیل بایک ئەوەشی وتووە، تورکیا دەتوانێت بە فڕۆکە بۆردومان بکات، هەر وەک چۆن پێشتر شنگالی بۆردومانکرد و  ئەمریکاش رێگە بە هێرشی‌ لەو شێوەیە دەدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەیەکە سوپای تورکیا بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێم و لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی‌ گرتنی‌ قەندیلی راگەیاندووە و رۆژانە پێکدادان لەنێوان ئەوان و گەریلانی پەکەکەدا روودەدات.

هــ. ر


PM:01:37:23/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 4972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو