وه‌زیری دادی حكومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ كوردستانی جێهێشت

‌سینان چەلەبی، وەزیری دادی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی سینان چەلەبی، وەزیری دادی هەرێمەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی نەخۆشی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری پرۆستاتەوە هەرێمی جێهێشتووە.

لە روونکردنەوەیەکیدا وەزارەتی داد دەڵێت، "هۆکاری ئەوەی سینان چەلەبی وەزیری داد هەرێمی جێهێشتووە 100% پەیوەندی بە رەوشی تەندروستییەوە هەیە و دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی دەرکەوتووە، پێویستی بە نەشتەرگەری پرۆستات ھەیە".

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لەبەر ئەوەی سینان چەلەبی نەخۆشی شەکرەی هەیە، دوای ئەوەی نەشتەرگەری بۆ کراوە، وا پێویست بووە، کە وەزیری داد بۆ ماوەیەک لە ئەنقەرە لە ژێر چاودێری پزیشکدا بمێنێتەوە. 

وەزراتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، راپۆرتی پزیشكی دراوەتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، پێویستە وەزیری داد بۆ ماوەی 45 رۆژ و تا بەرواری 22ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لەژێر چاودێری پزیشكیدا بمێنێتەوە و نابێت بە ھیچ جۆرێك ئامرازەكانی گواستنەوە بەتایبەت ئۆتۆمبێل بەكاربھێنێت.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەشکراوەتەوە، دوای کۆتایی هاتنی چارەسەرەکانی، وەزیری داد دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و لەکارەکانی بەردەوام دەبێت.

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی داد، لە وەڵامی بڵاوبوونەوەی هەواڵێکدا بووە لە بارەی هەڵهاتنی بەرپرسانی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات، لە نێویشیاندا سینان چەلەبی وەزیری دادی حکومەتی هەرێم.

هــ. ر


AM:11:40:16/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 27525 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو