باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق: هێرشەکەی سەر کۆرومۆر هەوڵێکە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابووری

‌دیمەنی هێرشەکەی سەر کۆرومۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ

وێستگه‌نیوزـ

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر دەکات و دەڵێت، هەوڵێکی قبووڵ نەکراوە بۆ بەدەستهێنانی "ئامانجی سیاسی و ئابووری لە رێگەی توندووتیژییەوە".
 

ئه‌مڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویكرده‌وه‌، "سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر دەکەین. سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".
 
ده‌شڵێت، "ئەم هێرشە هەوڵێکی قبووڵ نەکراوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و ئابووری لە رێگی توندووتیژییەوە".

ئێوارەی رۆژی هەینی 26ـی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار کارمەند کوژران کە خەڵکی یەمەنن بە ناوەکانی:

- عەلی عەبود ئەحمەد لەدایکبووی 1978.

- یوسف یاسر حەموود لەدایکبووی 1986.

- عیسام محەمەد ئەحمەد لەدایکبووی 1983.

 عەوەز عەبدە عەلی لەدایکبووی 1986 .

هەر دوای هێرشەکە، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.


AM:10:40:27/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو