كۆماندۆ گیان له‌ده‌ستدانی پێشمه‌رگه‌یه‌كی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ باندێك راگه‌یاند
وێستگه‌نیوز-
فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆی كوردستان رایگه‌یاند كه له كاتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ باندێكی قاچاخچێتی چه‌ك و شوێنه‌وار له گه‌رمیان، پێشمه‌رگه‌یه‌كیان گیانی له‌ده‌ست داوه، ده‌شڵێت: "ئه‌ندامێكی بانده‌كه‌ش كوژراوه و یه‌كێكیان ده‌ستگیركراوه".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 25ی نیسانی 2024 فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "دوای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری ووردی هه‌واڵگری، له سه‌ر باندێكی قاچاخچێتی چه‌ك و شوێنه‌وار له گه‌رمیان، دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو 25ی نیسانی 2024 تیمێكی هێزه‌كانمان له ناوچه‌ی ساڵح ئاغا - ناحییه‌ی قۆره‌توو، له سه‌عات 12:38 خولهك بۆسه‌یه‌كیان بۆ ئه‌و بانده دانا، كه به‌نیازبوون ژماره‌یه‌ك چه‌ك و پارچه شوێنه‌وار ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكه‌ن و له‌كاتی تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبێله‌كانیان ڕووبه‌ڕووبونه‌وه له نێوان هێزه‌كه‌مان و ئه‌و تۆمه‌تبارانه ڕوویدا".
فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆ ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه له‌و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌دا كوڕێكی ئازا و چاونه‌ترسی كۆماندۆ به‌ناوی (ئه‌یوب محه‌مه‌د عه‌لی ) شه‌هید بوو".
ده‌شڵێت: "وێڕایی ده‌ربڕینی هاوخه‌می قوڵمان بۆ شه‌هیدبوونی برا و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رمان كاكه ( ئه‌یوب) ، هاوكات پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاڕاسته‌ی خانه‌واده و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هید ده‌كه‌ین، له خوای گه‌وره داواكارین جێگه‌ی به‌هه‌شتی به‌رین بێت".
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه "كوڕانی كۆماندۆ له‌و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌دا ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند پارچه شوێنه‌وار و دوو ئۆتۆمبێل و ئه‌و چهكانهشدا گرت، كه بانده‌كه به‌نیازبوون ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن".
فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی كۆماندۆ ئاشكراشیكردووه كه "هاوكات یه‌كێك له تۆمه‌تباران له ڕووبهڕووبونهوهكهدا كوژرا و یه‌كێكی دیكه‌یان ده‌ستگیركرا و تۆمه‌تبارێكی دیكه‌ش هه‌ڵهات".
PM:08:10:25/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 1548
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت