وەزیرێکی هەرێم: تا ئێستا 200 ملیار دینار کورتهێنان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو


وێستگه‌نیوزـ

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو کە بڕیاری دابەشکردنی داوە، 200 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە، بەو پێیەی داهاتی ناوخۆ کەمبووەتەوە و ئەو پارەیەی لە عێراقیشەوە نێردراوە بەشی مووچەی تەواوی مووچەخۆران ناکات.

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووه‌، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیران دا، لایەنە حکومییەکانی راسپارد بەهەر شێوازێک بێت، تەنانەت قەرزیش بێت، ئەو 200 ملیار دینارە دابینبکەن و مووچەی مانگی دوو دابەشبکەن".

دەشڵێت: "دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بڕیاری لێدرا و دابەشدەکرێت، بەڵام هێشتا بەرچاو روونی نییە بۆ مووچەی مانگی سێ بەوەی عێراق گرفت دروستدەکات یاخود نا".

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئاداری 2024، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، "وەزارەتی داراییم راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریکردن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران".

مه‌سرور بارزانی وتیشی: "حکومەتی فیدراڵ دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی دەستوری و ئەخلاقی کە ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە جێبەجێی بکەن بۆ دابینکردنی مووچەکان".

حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەبێت تا پێداچوونەوە بە یاسای بودجەی عێراق مانگانە بڕی 618 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مووچەی مووچەخۆران. بەڵام ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەنییە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بدات، بەو پێیەی داوای لیستی ناوەکانیان دەکات و هەرێمیش رەتیدەکاتەوە.

وەزیرەکەی حکومەتی هەرێم کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بەشداربووە وتیشی: "لیستی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی عێراق دەکەین، عێراق بڕی 618 ملیار دینارەکە دەدات، بەڵام داوای لیستی ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەکات تا کۆی پارەکە بدات کە سەرووی 900 ملیار دینارە".

وەزیرەکە راشیگەیاند، "عێراق بەڵێنیداوە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر بنەمای کۆدی بایۆمەتری بدات، حکومەتی هەرێمیش بەمە رازییە...بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق زۆر جێگای پشتپێبەستن نین".

بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 رۆژە مووچە دابەشنەکراوە و حکومەتی هەرێم لە شه‌ش مانگی رابردوودا تەنها توانیویەتی یەک مووچە دابەشبکات.

شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "دوای هەڵوێستەکانی پارتی و نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێم، لایەنە شیعەکان خۆیان گفتووگۆیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کرد و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشیان بە وەکالەت ناردە لای".

وتیشی: "لایەنە شیعەکان بەڵێنی جدییان داوە نەهێڵن گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆران دروست ببێت و مووچەی هێزە سەربازییەکان بە کۆد بدەن. پێش جەژنی رەمەزان رووندەبێتەوە بەڵێنەکانیان جێبەجێ دەکەن یاخود نە".

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەی رۆژی چوارشەممەیدا، سەرباری بەڵێنی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو، هەروەها چەند بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی راگەیاند لە نێوانیان تەرخانكردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا سوودمەند نەبوون و داشكاندن لە پارەی كەڵەكەبووی كارەبا و سزای هاتوچۆ و كرێی خوێندنی پارالێل.


PM:09:23:27/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو