باڵیۆزی ئۆكرانیا له‌ عێراق: بەمزوانە کونسوڵگەری گشتی ئۆکرانیا لە هەولێر دەکەینەوە

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌نیوزـ

باڵیۆزی ئۆكرانیا لە عێراق‌‌‌‌‌ رایگه‌یاند، پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان ئۆکرانیا و هەرێمی کوردستان بە بەهێزی دەهێڵینەوە و بەمزوانە کونسوڵگەری گشتی ئۆکرانیا لە هەولێر دەکەینەوە.


به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی یه‌كێتی هاورده‌و ناردنكارانی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27ی ئاداری 2024، ئۆڵێكساندر بورفچێنكۆڤ، باڵیۆزی ئۆكرانیا لە عێراق‌‌‌‌‌ و شاندی یاوەری سەردانی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆکی گشتی و سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیەکەوە پێشوازیان لێکرا.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، لە کۆبونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئۆکرانیا کە لە رابردوودا و تائێستاش لە ئاستێکی بەهێزدا ماوەتەوە و بەردەوامن.

دوای تەواوبوونی کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیه‌كی رۆژنامەوانیدا مسته‌فا شێخ عه‌بدولره‌حمان، سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، لە رابردوودا بەردەوام شاندی یەکێتتیەکە سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە و رۆڵێکی کارایان هەبووە لە بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوان هەردولا، جێی خۆشحاڵیە لە ئێستادا چەند بەرهەمێکی ئۆکرانی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێڕاق بەرهەم دەهێندرێت.

لای خۆیه‌وه‌ ئۆڵێكساندر بورفچێنكۆڤ، باڵیۆزی ئۆكرانیا لە عێراق‌‌‌‌‌ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا لە یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پیرۆزبایی مانگی رەمەزان و جەژنەکانی ئادار و نەورۆز لە ئەندامانی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران و گەلی کورد دەکەم، بەهەموو توانایه‌کمانەوە هەوڵ دەدەین ئەو پەیوەندیە بەبەهێزی بهێڵینەوە و بەمزوانە کونسوڵگەری گشتی ئۆکرانیا لە هەولێر دەکەینەوە تا بتوانرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئۆکرانیا زیاتر بکرێت.


PM:01:47:26/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو