بایکۆت لە سنووری فەرمانگەکانی سلێمانی فراوان بوو


وێستگه‌نیوزـ

بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەکانیان کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی و ژمارەیەک فەرمانگەی دیکە بایکۆتی کارەکانیان کرد و ئامادەنین هیچ مامەڵەیەک رایی بکەن.

بۆ هەفتەی دووەم لەسەریەک کارمەندانی هاتوچۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی کارەکانیان دەستپێکردەوە و داوای دابەشکردن و پێدانی مووچە لەکاتی خۆیدا دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆش بەشێک لە فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی، بانكە حكومیەكان، دادگای سلێمانی، کارتی نیشتمانی هەروەها کارمەندانى کەرتى تەندروستى لە نەخۆشخانەى شار و بەشێک لە مەڵبەندەکان لەگەڵ کارمەندانى نەخۆشخانەی گشتی کەلار لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە دەوامیان بایکۆت کردووە.

شەوی رابردوو ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا ئاماژەی دا بەوەی ئامادە نین ئەو پارەیە دابەش بکەن کە بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە تا ئەو کاتەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش دەگات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، فەرمانبەران مووچەى سێ مانگى ساڵى وابردوو و هەروەها مووچەى دوو مانگى ئەمساڵىان وەرنەگرتووە.


AM:09:32:24/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت