ئەپیکۆر: راگرتنی هەناردەی نەوتی هەریم زیانی نزیكەی 11 ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندوە


وێستگە نیوز-

نزیکەی ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیا تێدەپەرێت و رۆژی شەممە کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) رایگەیاند: بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت نزیكەی 11 ملیار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووە، هەرچەندە بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەكارناهێنرێت، بەڵام عێراق رۆژانە بە بڕی 800،000 دۆلار سزا دەدرێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق - توركیا جێبەجێ بكات.

لە راگەیەندراوێکدا کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) زیان و هۆکارەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە بوو بە ساڵێك، ئەو راگرتنەش كاریگەری كردووەتەسەر كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان.

ئەپیکۆر رایگەیاند، "بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیارەها دۆلار زیانی بە حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت گەیاندووە، لە رێککەوتی (25ـی ئاداری 2023) هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە راگیرا. لەو بەروارەوە نە ئەپیكۆر نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە".

رۆژی 25ی ئازاری 2023، لەپای سکاڵایەکی حکومەتی عێراق و بە بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک راگیرا، تورکیاش بە عێراقی راگەیاند، رێز لە بڕیاری دادگای فەرەنسا دەگرێت و چیتر بێ رەزامەندیی بەغدا رێگە بە هیچ کەشتییەک نادات لە بەندەری جەیهانەوە نەوتی هەرێمی کوردستان بار بکات.

دواتریش وەزارەتی نەوتی عێراق پێشوازیی لە بڕیارەکەی دادگای پاریس کرد کە لە بەرژەوەندیی بەغدا بڕیاریدا بە ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق لە بەندەری جەیهانەوە لە لایەن تورکیا، نایاساییە و دەڵێت، ئەم بڕیارە دەریدەخات کە "وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، تاکە لایەنی رێگەپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە".

دەرچوونی حوكمی دادگای پاریس دوای چەندین ساڵ دواخستن، هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق  بۆ پاریس و سەردانی كتوپڕی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەنرەرەو كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە كەیسی وزە.

بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەش رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام وا ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەکەو واژووکردنی رێککەوتنەکەدا تێدەپەرێت و هێشتا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستی پێنەکردوەتەوە.

مێژووی تۆمارکردنی سکاڵاکەی عێراق دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 2015 کاتێک حكومەتی عێراق لەسەردەمی حەیدەر عەبادیدا كەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا، لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردو داوای (26 ملیار) دۆلار قەرەبووی لە توركیا کردەوە، كەیسەكە لەسەر ئەوەبوو کە توركیا رێگای داوە نەوتی هەرێم بە بۆریی عێراق لەناو خاكی توركیاوە بۆ بەندەری جەیهانی بگوازرێتەوە، ئەوکاتەی عادل عەبدولمەهدی لە ساڵی 2019 پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بڕیاری دادگای پاریسی راگرت‌و دەرفەتێكی نوێی دا بە توركیا‌و هەرێمی كوردستان. 

دەقی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر):
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان 
راستی و ئامارەكان: راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە بوو بە ساڵێك 

خاڵە گرنگەكان : 
- یەك ساڵی تەواوە بۆری نەوتی عێراق - توركیا داخراوە 

- راگرتنی بۆری نەوتی عێراق - توركیا كاریگەری كردووەتەسەر كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و  راگرتنی 450000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازارەكانی جیهان.
 
- بەردەوامی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیاردها دۆالر زیانی بە حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا 
نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت گەیاندووە لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێك بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە، كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكور)، دوایین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، هەوڵەكانیان بۆ دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان و زیان و كاریگەرییە ئابوورییەكان لەسەر خەڵكی عێراق و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری وزە دەخاتەڕوو .

لە 25ی ئاداری 2023 هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە راگیرا.

لەو بەروارەوە، نە ئەپیكور نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەالیەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە .

هەر هەشت كۆمپانیای ئەندامی ئەپیكور پابەندی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان .

ئەپیكور بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ الیەنە پەیوەندیدارەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە.

مایڵز كاگینز وتەبێژی ئەپیكور رایگەیاند: "ئەپیكور بەردەوامە لە هەوڵەكانی لەگەڵ الیەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیاوە. هەتا رۆژێك زیاتر راگرتنی هەناردەی بەردەوام بێت، زیاتر خەڵك و ئابووری و ناوبانگی وەبەرهێنانی عێراق زیانیان پێدەگات ".

هەڵسەنگاندنی ئەپیكور :
حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ كردنەوەی بۆری نەوت عێراق - توركیا و هەناردەی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ئۆكتۆبەری 2023وە توركیا رایگەیاندووە، بۆرییەكە ئامادە بۆ هەناردەی نەوت .

ئەپیكور ئاگاداری ئەو كۆبوونەوانەیە لە 7 تا 9ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە بەغدا، لەنێوان نوێنەرانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت، لەناویشیاندا چەند كۆمپانیایەكی ئەندام لە ئەپیكور بەڕێوەچوون.

سەرەڕای ئەو كۆبوونەوانە و جەختكردنەوە لە گفتوگۆی ئەرێنی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەاڵم هیچ 
بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەدینەكراوە.

هەوڵەكانی ئەپیكور بۆ چارەسەری ئەو دۆخە چەقبەستووە:
- ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، لە هەولێر و بەغدا و دوبەی .

-بەردەوام و بەشێوەیەكی راشكاو ئەندامانی ئەپیكور مەرجەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی بەرهەمهێنانی خستوونەتەڕوو:

- هەر زیادكردنێك، پێویستە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەپیكور رێككەوتنی لەسەر بكرێت .
- پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و بۆ داهاتووش.

- پێویستە راستەوخۆ پارەی فرۆشی نەوتی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، راستەوخۆ بدرێتە ئەو كۆمپانیانە.

- پێویستە شێواز و رێككەوتنە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێستای كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور وەك خۆی بمێنێتەوە.

- ئەنجامدانی كەمپەینی هۆشیاری لە میدیا عەرەبی، كوردی و رۆژئاواییەكان.

- ئەپیكور، و چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بواری نەوت، چارەسەریان پێشنیاز كردووە بۆ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

جیالەوەش، حكومەتی واڵتانی كۆمپانیاكانی ئەپیكوری هێناوەتە سەرهێڵ، بەتایبەتی حكومەتی ئەمریكا، بەهۆی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی، لەناویشیاندا بە قەبارەی 300 ملیۆن دۆالر وەبەرهێنانی راستەوخۆی ئەمریكا لە سێكتەری وزەی هەرێمی كوردستان .

ئەپیكور بەراشكاوی پەیامی بە ئەندامانی ئیدارەی سەرۆك بایدن و ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا گەیاندووە، كۆشكی سپی نابێت دەست بە پالنی پێشوازیكردن لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بكات، كە بڕیارە 15ی نیسانی ئەمساڵ سەردانی واشنتن بكات، هەتاوەكو:

-بۆری نەوتی عێراق - توركیا دەكرێتەوە و رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان دەدرێت بۆ بازارەكانی جیهان.

-كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت (لەناویشیاندا كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور) دڵنیاییان پێدەدرێت لە وەرگرتنی پارەی هەناردەكردنی نەوت لە رابردوو و بۆ داهاتوو .

-حكومەتی عێراق بەتەواوی بودجەی فێدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات .

پوختەی زانیارییەكانی ئەپیكور لەبارەی كاریگەرییەكانی بەردەوامی داخستنی بۆری نەوتی عێراق - توركیا : 

كاریگەرییە داراییەكان : 
- نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووە، بەنزیكەیی، مانگانە دەكاتە 1 ملیار دۆلار .

- ئەپیكور ئاگادارە لەوەی، هەرچەندە بۆری نەوتی عێراق - توركیا بەكارناهێنرێت، بەاڵم عێراق رۆژانە 800000 هەشت سەد هەزار دۆلار سزا دەدرێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆری نەوتی عێراق - توركیا جێبەجێ بكات .

- بڕی 1 ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیاكانی ئەپیكور الی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئەیلوولی 2022 تا ئاداری 2023
- زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور راوەستاوە .

-داهاتی ساڵانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت نزیكەی لەسەدا 60 كەمیكردووە، بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆیی، جێگەی فرۆشی لە بازارە نێودەوڵەتیەكان گرتووەتەوە .

- خنكاندنی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەالیەن حكومەتی عێراقەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و نەناردنی بودجە.

 كاریگەرییەكان لەسەر نەوتی جیهان و بازاری نەوت : 
- راگرتنی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا، گوشاری زیاتری خستووەتەسەر بازاری ناهاوسەنگی وزە، كە بەهۆی سزاكانی سەر رووسیا و هەڕەشەكان لەسەر گواستنەوەی جیهانی لەڕێگەی دەریای سوورەوە هاوسەنگی لەدەستداوە .

- عێراق بەردەوام لە سزاكان دەبەخشرێت بۆئەوەی كارەبا لە ئێرانەوە هاوردەی واڵتەكەی بكات، لەكاتێكدا دەبوو لەرێگەی هەناردەی زیاتری نەوتەوە ژێرخانی وزەی بەهێز بكات .

- لەوەتەی بۆری نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، ئەمریكا رۆژانە زیاتر لە 250000 دوو سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت و پێكهاتەكانی لە باشووری عێراقەوە هاوردە كردووە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق رێگەنادات ئەو نەوتەی كۆمپانیا ئەمریكیەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیدەهێنن هەناردەی دەرەوە بكرێت .

كاریگەرییەكانی لەسەر هێزی كار لە هەرێمی كوردستان : 
- كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور سەدان كارمەند و ستافی خۆیان ناردونەتەوە ماڵەوە، لەناویشیاندا ستافی بیانی و خۆجێی هەن .

- بەهۆی نەمانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانی بواری نەوت، ژمارەیەكی زیاتر لە كارمەند و ستاف كەمكراونەتەوە، لەو كۆمپانیانەی لە بواری خزمەتگوزارییەكان لە كێڵگە نەوتیەكان و پیشەسازی بەرهەمهێنان كاریان كردووە، وەك كۆمپانیاكانی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردن و خواردن و چاككردنەوە و ئاسایش و گواستنەوە و بنیادنان.

- بەهۆی نەناردنی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە، لەناویشیاندا، مووچەی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی .

كاریگەرییەكانی لەسەر ناوبانگ : 
- رێزنەگرتن لە گرێبەستەكان، خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو 
كەمدەكاتەوە.

- چەقبەستوویی لە بابەتی یاسا بودجە و هەناردەی نەوت، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی دابەشبوونی سیاسی.

-کۆتایی - 
دەربارەی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان: 
ئامانجی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان بۆ راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییە، تاوەکو هەرێمی کوردستان بکەنە شوێنی وەبەرهێنانیان. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئامانجی داکۆکیکردن و نیشاندانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەندامەکانییەتی، پێکەوە وەک دەنگێکی کاریگەر و هاوبەش لەبەرامبەر هەموو خاوەن پشکەکان لە هەرێمی کوردستان و هەر شوێنێکی دیکە کاربکەن، کۆڕبەند بۆ ئەندامەکان سازدەکەن لەپێناو رەخساندنی هەلێک بۆ نیشاندانی خۆیان و گەیاندنی زانیارییەکانیان لە بواری پیشەسازی. کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کۆمپانیایەکی سنووردارە بەپێی یاسای ئینگلیز دامەزراوە.


AM:12:29:24/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت