راگه‌یه‌ندراوێك له نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه
وێستگه‌نیوز-
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناوه‌ڕۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌مریكا ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه 15ی مانگی داهاتوو ده‌ستپێده‌كات.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "ڕۆژی دووشه‌ممه 15ی نیسانی 2024 محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر بانگهێشتی جۆزێف بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ره‌و واشنتۆن به‌ڕێده‌كه‌وێت بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه".
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ڵێت: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتووێژ ده‌كرێت ده‌رباره‌ی ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتوو له قۆناغی دوای هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، و باشترین ڕێگاكانی گواستنه‌وه بۆ هاوبه‌شییه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان عێراق و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له ژێر ڕۆشنایی ڕێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی نێوان هه‌ردوو وڵات له بواره‌كانی سیاسی، ئابووری، دارایی، كولتووری، په‌روه‌رده‌یی و ئه‌منی".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا سودانی و بایدن بیروڕا ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵێك پرس ئاڵوگۆڕده‌كه‌ن، له‌وانه گرنگترین پرسه‌كانی ناوچه‌كه و هه‌وڵه‌كان بۆ به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا.
پێشتریش كۆشكی سپی رایگه‌یاند كه 15 ی نیسان جۆبایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێشوازی له محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات و وتووێژ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ده‌كه‌وان له‌وانه‌ش:
*چاكسازییه‌كانی بواری ئابووری له عێراق
*مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق
*پابه‌ندبوونی نێوان هه‌ردوولا بۆ تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی پاشماوه‌كانی داعش
PM:09:54:22/03/2024
ئه‌م بابه‌ته 2380
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت