له‌یلا زانا: نەورۆز لە هەموو ئەو هاووڵاتییانە پیرۆز بێت کە لە ژێر ستەمدا ناچاربوون روو لە ئەوروپا بکەن

‌لەیلا زانا

وێستگه‌نیوزـ

خانمە سیاستمەداری کورد، لەیلا زانا پەیامی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گۆڕەپان و فێستیڤاڵی جەژنی نەورۆز و سەر ساڵی نوێی کوردی لە ئامه‌دی باکووری کوردستان خوێندەوە و رایگەیاند، نەورۆز لە هەموو ئەو هاووڵاتییانەش پیرۆز بێت کە لە ژێر فشار و ستەم ناچاربوون دەست لە خاک و وڵاتەکانیان بەردەن روو لە ئەوروپا بکەن.


لەیلا زانا لە پەیامەکەیدا وتی: "ئێمە قەرزاری کەڵە پیاوانی مێژووین لە بواری سیاسیی، هونەریی و کۆمەڵایەتییدا لەوانە شێخ سەعید، سەید رەزا، قازی محەمەد سڵاو بۆ گیانیان، هەروەها قەرزاری زانستی سەعیدی کوردیین و سوپاسگوزاری ئەدەب و رۆشنبریی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانین".

وتیشی: "ئێمە بە هەستی کوردایەتی و تێکۆشانی مەلا مستەفا بارزانی هۆشیار بووینەوە، بۆیە بە رێزەوە یادی ئەم سەرکردانە و کەڵە پیاوانە دەکەینەوە".

هەر لە وتارەکەیدا داوای هاووڵاتییانی ئامادەبوو و بەشداری ئاهەنگەکەی دیاربەکر کرد، کە دانبەخۆیاندا دابگرن و هیچ کارێک هەڵە نەکەن، بەڵکو بە خۆشی دەربڕین هەوڵی جۆش و خرۆشان بدەن.

هەروەها پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە هاووڵاتییانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و بە تایبەت ئاماژەی بە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتی: "رۆژهەڵاتی کوردستان برینی دڵی منە و هەموو رۆژێك بۆ دۆخی ئەوان خەمبار دەبم".

وتیشی: "نەورۆز لە هەموو ئەو هاووڵاتییانەش پیرۆز بێت کە لە ژێر فشار و ستەم ناچاربوون دەست لە خاک و وڵاتەکانیان بەردەن ڕوو لە ئەوروپا بکەن".

راشیگەیاند، بە گوێرەی ئامارێکی رێکخراوی یونیسکۆ 300 ملیۆن کەس جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن، بەڵام ئەوەی ئەم جەژنەی بە نێودەوڵەتی کردووە، جگە لە گەلی کورد، هیچ نەتەوەیەکی دیکە نییە.

لەیلا زانا، باسشی له‌وه‌شكرد: "كورد نەتەوەیەکە هیچ کاتێک چاوچنۆک نەبووە و هەرچی هەبووە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی بەشی کردووە، تا ئەم جەژنەشی لە رۆژهەڵات تا ژاپۆن تا ئەوروپا لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە پیرۆز دەکات، بۆیە جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەو گەل و نەتەوانە دەکەین کە ئەم جەژنە دەگێڕن".

هەر لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و رایگەیاند: ئیتر دەبێت دەنگی کوردان بۆ کوردان بێت نەک حزبەکانی دیکەی تورکیا.

راشیگه‌یاند: کەس ناتوانێت مۆراڵی هیچ کەسێکی دیکە بەکار بێنێت، بۆیە دەبێت دەنگ و ئیرادەی هاووڵاتییانی کورد لەم هەڵبژاردنەدا هەر بۆ کورد بێت.


PM:03:00:21/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو