شیروان میرزا: ئەگەر حکومەتی هەرێم مووچە دابەشنەکات عێراق لەوانەیە ئەو پارەیەی ناردویەتی بلۆکی بکات


وێستگه‌نیوزـ

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو پارەیەی عێراق ناردویەتی بە لیست و ناوی وەزارەتەکان هاتووە، دەستبەسەرداگرتن و دابەش نەکردنی جۆرێکە لە یاسا شکێنی، ئەگەر بۆ مووچە دابەش نەکرێت، حکومەتی عێراقی لەوانەیە بلۆکی بکات، یا سەحبی بکاتەوە، یاخود بڕیار بدات کە هیچ کەس بۆی نییە دەستکاری بکات.

شیروان میرزا، ئەندمای خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، هەر چۆنێک بێت فەرمانبەر، فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە دابینکردنی مووچە بۆیان، لەئێستاشدا لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بەشێکی بەرپرسیارێتی خستوه‌تە سەر شانی حکومەتی عێراق بە (تەمویل-پارەدارکردنی) هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەناوە، ئەو پارەیەی بەغدا ناردویەتی دەکرا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ کە بەڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا خۆی وتویەتی 330 ملیارە، هی مانگی دووش حساب بکەین کە لەنیوەی مانگی سێ رۆیشت، لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان هەمووی بیست ملیارێکی فەرقە دەکرا حکومەتی هەرێم پڕی بکردایەوەو مووچەی دابەش بکردایە بەم رەمەزانە.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ئەو پارەیەی عێراق ناردویەتی بە لیست و ناوی وەزارەتەکان هاتووە، دەستبەسەرداگرتن و دابەش نەکردنی جۆرێکە لە یاسا شکێنی و تێکدانی پەیوەندییەکان، لە راستیدا ئەگەر هەر بۆ مووچە دابەش نەکرێت، ئەوا لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی خۆیەتی، لەوانەیە بلۆکی بکات، یا سەحبی بکاتەوە، یاخود بڕیار بدات کە هیچ کەس بۆی نیە دەستکاری بکات.

راشیگەیاندووە، "پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر هەژماری من، هەم ناواقعیە و هەم نایاساییە، بەڕای من حکومەتی هەرێم نابێت ئەوەندە پێداگری لەسەر هەژماری من بکات، کیانی هەرێم بکاتە قوربانی هەژماری من".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی عێراق دەشڵیت: "ئەگەر حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت لەسەر ئەوە، من پێموایە ئەوکات پارێزگاکان خۆیان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن، وەک کادیرێکی یەکێتی بڵێم، یەکێتی هەنگاوی خێرا و نامەدروس نانێ، بەڵام چارەسەرکردنی مووچە لە ئەولەویاتی کارەکانیەتی، هەروەها لەژێر فشاری خەڵکی ئەو ناوچانەدایە، بۆیە دەستبەسەرداگرتنی مووچە لەلایەن برادەرانی پارتی و بەستنەوەی هەموو گرفتەکان بە هەژماری منەوە، یەکێتی خستووەتە بەردەم دووڕیانێک ئەوەتا لە ناوچەکانی ژێر یەکێتی بایکۆت دەستیپێکردوه‌تەوە، کێشەکان لێرە، لێرەیە فەرمانبەر و مامۆستا دەوام ناکات و زۆربەی فەرمانگەکان دوو رۆژە داخراون، چارەسەری بابەتەکە زۆر ئاسانە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە تەواوی لە بەرژەوەندی مووچە خۆرانە و بواری گفتوگۆی داناوە، پێویست بەم هەموو هەڕەشەو پێداگریە ناکات، بەداخەوە لەبری چارەسەر و هەنگاوی ژیرانە بەبەیاننامەی بێ بنەما و بێ مانا خەریکی تەخوینکردنی لایەنەکان و هەڕەشەکردنن لەبەغدان".

"لەهەر وڵاتێک ئەگەر دادگا و دامودەزگای چاودێری بەهێزبووایە هەرگیز حکومەت نەیدەتوانی دەستبگرێت بەسەر موچەی فەرمانبەران، دادگای فیدراڵیش ئێستا پۆلیسی نیە، تەنها مەگەر بڕیارێکی تر دەربکات بۆ نمونە بڕیار دژی ئەو بەرپرسانە دەربکات کە دەستیان بەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا گرتووە و بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ ناکەن"، شیروان میرزا وادەڵێت.

سەبارەت بە نەناردنی لیستی ناوی پێشمەرگە بۆ بەغدا، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزێکی پیرۆزە هیچ مەنتقی تێدانیە ئەو لیستە نەنێرن، هیچ پەیوەندی بە ئەمنی قەومیەوە نییە، پێشمەرگە بەبێ منەتی پێشمەرگەیە بەهانەیەکی زۆر نامەعقولە کە دەڵێن، وەزارەتی دارایی عێراقی ناوی هەموو وەزارەتی بەرگری و سوپا و حەشدی شەعبیشی لایە، ئیتر چەند ناوەکان وەهمین یاخود نا بەڵام هەموو ناوەکانی لایە.


PM:11:33:20/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو