لاهور شێخ جه‌نگی: کەی رەوایە هەرێمێک نەوت و داهاتی ناوخۆیی هەبێت، نەتوانرێ مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێ؟

‌لاهور شێخ جەنگى

وێستگه‌نیوزـ

لاهور شێخ جەنگى لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد دەکات و دەڵێت، کەی رەوایە هەرێمێک نەوتی هەبێت، داهاتی ناوخۆیی زۆری هەبێت، نەتوانرێت مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێت.

لاهور جەنگی، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20ی ئاداری 2024، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند: دوای پتر لە 33 ساڵ دەرفەت، لە ناو شکستێکی قووڵدا دەژیات، شکستێک کە بەرهەمی عەقڵیەتێکی خۆسەپێن و گوێنەدان بووە بە خواست و ئیرادەی خەڵک.

وتیشی، ‎"خۆم لە هیچ بەرپرسیارێتیەک لانادەم، لام سەیرە دەسەڵاتداران هێشتا لەبری دانپێدانان بە شکست پاساو ریز دەکەن، بە رای ئێمە ئەم ئینکارییە بەشێکی گەورەی تۆخکردنەوە و بەردەوامیدانە بە شکست".

ئاماژەی بەوەشداوە، ‎نموونەی ئەو گەل و ئەزموونانەی شکستیان گۆڕیوە بۆ سەرکەوتن لە مێژوودا زۆرن و ئێمە دەبێت ئەو ئیرادەیەمان هەبێت، کە سنوورێک بۆ ئەم شکستەی حوکمڕانی دابنێین و سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین.

لاهور شێخ جەنگى، لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت، ‎کەی رەوایە هەرێمێک نەوتی هەبێت، داهاتی ناوخۆیی زۆری هەبێت، نەتوانرێت مووچە لە کاتی خۆیدا بدرێ؟، رێگاکانی هەستانەوەی دوای کەوتن و شکست زۆرن خێراترینیان ئەوەیە بکەرە سەرەکییەکان دان بە شکستدا بنێن، بۆ ئەوەی بتوانن لە واقعی خۆیان تێبگەن جا بە خۆ گۆڕین یان چۆڵکردنی کورسی و دەسەڵات، بریاری یەکلاکەرەوەم داوە بەشێك بم لە ئیرادەی هەستانەوە.

راشیگەیاند: ‎پاش چەند سالێک چوونە دەرەوە یان وەدەرنانم لەو حزبەی کە هەموو تەمەنی گەنجێتیم تێدا سەرفکرد ئێستا وێنەی حوکمڕانی، هەڵە و هەل و دەرفەتەکان رونتر دەبینم و مەبەستمە بەشێک بم لە چارەسەر و گۆڕانکاری

دەشڵێت: "هێشتا دیار نییە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن یاخود نا؟ کە ئەمە هەر متمانەی خەڵکی خۆمانی بە دەزگا نیشتیمانیەکان کەم نەکردوە، بەڵکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کە هیوای زۆریان لەسەر هەرێم و ئەزمونەکەی هەڵچنیبوو ئێستا بێزارن، ئەمە دەبێت کۆتایی پێ بێت و سەرەتایەکی تازە دەست پێبکرێ، ئێمە دەمانەوێ بە ئیرادەیەکی گەورەوە بەشێک بین لەو سەرەتا تازەیە".


PM:08:13:20/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو