په‌رله‌مانتارێکی پارتی: سودانی جەختی لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێی بانکە فیدراڵییەکانه‌وه‌ کردەوە

‌شەریف سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران

وێستگه‌نیوزـ

پەرلەمانتارێکی پارتی داوا دەکات پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم 8٪ی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پێکدەهێنیت.


ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئاداری 2024، شەریف سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی نیمچه‌ فه‌رمی عێراقی راگەیاندووه‌، دوو رۆژ لەمەوبەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاندێکی فراکسیۆنی پارتی کۆبووەوە و جەختی لە دابەشکردنی مووچە لە رێی بانکە فیدراڵییەکان کردەوە و هەرێمی کوردستانیش هەموو ئاسانکارییەکی بۆ ئەو بابەتە کردووە.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "هیوادارین بابەتەکە لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکاندا چارەسەر بکرێت بۆ پاراستنی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانیش".

هیواشی خواست مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و بەشێکی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان پشتگوێ نەخرێن.

شەریف سلێمان ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران کەوتە کێشەیەکی گەورەوە کاتێک مووچەی هەرێمی خستە ناو خەرجی گشتییەوە و دەبوو لەو بەشە جیای بکردایەتەوە و رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بدایە.

ته‌ئكیدی لە پێویستیی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەری پارێزگاکانی دیکەی عێراق كردووه‌ته‌وه‌.

پەرلەمانتارەکەی پارتی داواشی کرد پرسی مووچە تێکەڵی دۆسیە سیاسییەکان و ململانێکانی پرۆسەی سیاسی نەکرێت.

ده‌شڵێت: "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 906 ملیار دیناری مانگانە مەزەندە دەکرێت کە بەراورد لەگەڵ فەرمانبەرانی فیدراڵی زۆر کەمە و لە 8٪ی بودجە زیاتر پێکناهێنێت".


AM:10:26:18/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو