وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم په‌یامێكی له‌سه‌ر مووچه‌ بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

درەنگانی ئه‌مشه‌و، پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت: "لەم کاتەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک وەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە."

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا پێشه‌وا هه‌ورامانی باسی له‌وه‌ كردوه‌ كه‌  وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادەیە تەنها59%ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم پێی وایه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی عێراق  ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنە و جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ده‌شڵێت: "ئەوانەی لەدەرەوەی نیەتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان موزایەدە و قسەی دیکە دەکەن ئەگەر راست دەکەن با بفەرموون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕە موچەیە خۆیان دابەشی بکەن".

دەقی راگەیه‌ندراوه‌كه‌ی پێشه‌وا هه‌ورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 
 
سەرەتای دروستبوونی کێشەی مووچە لەهەرێمی کوردستاندا لەوە دەستیپێکرد کە لایەنێکی سەرەکی و پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن کەوتن و ئەوان  ڕێنیشاندەری ناحەزانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ دروستکردنی فشار بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران.
 
لەم کاتەدا وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئامادەیە تەنها لەسەدا ٥۹ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات ئەویش دوای یەک مانگ لە دواخستنی، کە مووچەی پێشمەرگە و شەهیدان و بەشێکی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا نییە، ئەمەش بۆ دروستکردنی فیتنە و جیاکاری و سوکایەتییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
لەم کاتەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەڕێز سەرۆکوەزیران سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. 
 
ئەوانەی لەدەرەوەی نیەتی نیشتیمانی و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان موزایەدە و قسەی دیکە دەکەن ئەگەر راست دەکەن با بفەرموون لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕە موچەیە خۆیان دابەشی بکەن، چونکە ئێمە نە سوکایەتی قبووڵ دەکەین و نەجیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانمان دەکەین.
 
دوپاتیشیدەکەینەوە داکۆکی لەسەرجەم مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانمان و جیاکاری و سیاسەتی برسیکردن بەهەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە دژی دەوەستین.
 
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان


AM:01:12:18/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 2484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو