عەلی حەمە ساڵح: بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیایەک هەزاران دوکانداری بازاڕی داون تاون و نیشتیمان زیانیان کردووە

‌ بازاڕی نیشتیمان


وێستگەنیوز-

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ھەشت ھەزار خێزان لە بازاڕی داون تاون و نیشتیمان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیایەک زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانیان کردوەو ئێستاش بەشێکی زۆریان ھەر دوکانەکەیان داخستوەو دەبێت مانگانەش کرێ بدەن،هەروەها "ھەر ڕۆژەو بەناوێک ھەڕەشەیان لێدەکرێت، بۆیە داوا لەحکومەت دەکەن لەرێگەی لیژنەیەکەوە چارەسەری کێشەکەیان بکات".

عەلی حەمە ساڵح لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەشکردوە، "بۆ سەرۆکی حکومەت، نزیکەی ھەشت ھەزار خێزان لە بازاڕی داون تاون و نیشتیمان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکەی نزار حەنا زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیانیان کردوەو ئێستاش بەشێکی زۆریان ھەر دوکانەکەیان داخستوەو دەبێت مانگانەش کرێ بدەن وھەر ڕۆژەو بەناوێک ھەڕەشەیان لێدەکرێت!، بڕیاربوو لە ناوجەرگەی ھەولێردا بازاڕی نیشتیمان و داون تاون دروستبکرێت، بازاڕێکی مۆدێرن و ھاوچەرخ، ھەزاران ھاوڵاتی ھەولێر موڵکیان فرۆشتوو چون دوکانیان کڕی."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەڵام پرۆژەکە تەواونەکرا، بازاڕی داون تاون خەڵک خۆی دوکانەکانی تەواوکرد، بڕیاربوو تاوەکو پرۆژەکە  تەواونەکرێت کرێ وەرنەگرێت، پرۆژە تەواو نەکرا، شوێنێ دوکانەکان زۆربەیان ھەر ناتواندرێت بکرێنەوە، دەبێت مانگانەش کرێ بدرێت، ئەمە بۆ بازاڕی نیشتیمانیش ڕاستە.. واتە: کەسێک دوکانێکی کڕیوەو خۆی تەواوی کردوە، بەھۆی خراپی شوێنەکەی و تەواونەکردنی پرۆژەکەی ناتوانێت دوکانەکە بکاتەوە، دەبێت ھەموو مانگێکیش  نزیکەی 500 ھەزار دینار بۆ سەرەوە بدات( کرێ بە پێی ڕووبەر وەردەگیرێت)ئەگەرنا دوکانەکەیان لێوەردەگیرێتەوە! ئەمە بۆ بازاڕی نیشتیمانیش ڕاستە"

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، ھاوڵاتی ھەیە 500 ھەزار دۆلار زیانی بەرکەوتوەو مایەپوچ بوە، شوێنێ دوکانەکەی بەکەڵکی کردنەوە نایەت و بووە بە زەبڵخانە،  بەڵام دەبێت مانگانە کرێ بدات، "ھەر ڕۆژێک بەناوی بەرپرسێکەوە ھەڕەشە لە خەڵکی کاسبی ئەم بازاڕە دەکرێت، کۆمپانیا بە بەھای سەدان ملیۆن دۆلار لە نایابترین شوێنی ھەولێر زەوی پێدراوە، نەیتوانیوە پرۆژەکەی تەواوبکات بوە بۆ زیان بۆ ھەزاران خێزان."

باسی لەوەشکردوە، "داواکارم لیژنەیەکی پسپۆڕ لێکۆڵینەوە لەم پرۆژە بکات و بڕیارێکی دادپەروەرانە بدات و ھەزاران خێزان و خەڵکی کاسب چاوەڕێی بڕیارێکی دادپەروەرانەن".


PM:07:51:27/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت