لیژنه‌ی دارایی له‌ باره‌ی بودجه‌ی هه‌رێم داوایه‌ك له‌ حكومه‌ت ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2022 ئامادەبكات و لەبری پڕۆژەكەی ئەمساڵ رەوانەی پەرلەمانی بكات.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوریی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ بڕیاریدا نووسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات و تیایدا داوای‌ ئه‌وه‌ بكات حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بری‌ ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 بۆ په‌رله‌مان، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی‌ ساڵی 2022 ئاماده‌بكات، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانرێت له‌ مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا له‌كاتی یاسایی خۆیدا پڕۆژه‌یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت.

لیژنه‌كه‌ داواش له‌ حكومه‌ت ده‌كات له‌ بری‌ ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئەمساڵ، دوو "به‌یان مالی" بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م و دووه‌می‌ ساڵی 2021 بۆ په‌رله‌مان بنێرێت و له‌ كۆتایی ساڵیش ژمێره‌ی‌ كۆتایی و راپۆرتی چاودێریی دارایی ره‌وانه‌ی پەرلەمان بكات.

لە 7ی كانونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 ئامادە بكات، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ و نیو، هێشتا نەتوانراوە پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان بكرێت.

حكومەتی هەرێم دوو پێشنیازی لەبەردەست بوو بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی بودجەی گشتیی هەرێم، ئەوانیش پرۆژەیەك بەبێ ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە، كە پشت بە داهاتی هەرێم خۆی ببەستێت، پڕۆژەیەكیش كە پشت بە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و ناردنی پارە لەلایەن ناوەندەوە بۆ هەرێم ببەستێت.


PM:05:12:17/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 3356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت