سەرۆک کۆماری عێراق و ھاوسەرۆکی یەکێتی پرسی موچە و باشکردنی گوزەرانی خەڵک تاوتوێ دەکەن

‌ بەرھەم ساڵح و بافڵ تاڵەبانی

وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری عێراق و ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەبەغدا کۆبوونەوە و سەبارەت بە دۆخی گشتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک گفتوگۆیانکردوە، هەروەها جەختیانکردوەتەوە لەسەر چارەسەری کێشەکان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەبارەت بە دۆخی گشتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک گفتوگۆکراوە. 

ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە بەھێزکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و مووچەخۆران و ھێنانەکایەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێ جیاوازی. 

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دووپاتکرایەوە لە گرنگی پتەوکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات و بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی و ھێنانەدی داواکارییە رەواکانی خەڵک. 

باس لەوەشکراوە، ھەر لە دیدارەکەدا بەگرنگییەوە باس لە بەھێزکردنی دیالۆگی جددی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان، بەتایبەتی کێشەکانی خەڵک.

دوێنێ ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەمەبەستی کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بەرپرسانی باڵای حکومەت، سەردانی بەغدا کرد.

جگە لەسەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەشێوەیەکی بەردەوام شاندی باڵای پارتی و یەکێتیش سەردانی بەغدا دەکەن و لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردن و دۆخی ئەمنی و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەن.


PM:12:02:06/06/2021


ئه‌م بابه‌ته 2112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت