پێشبینی شارەزایەکی گەردونناسی کورد لەبارەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی کودی کۆمەڵەی گەردوونناسی لە تەکساس رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی لێکدانەوەی زانستییەکان، سبەی چوارشەممە ڕۆژێکی نوێ دەبێت لە مانگێکی نوێ و "درێژکراوەی ئەم مانگە نیە کە مانگی ڕەمەزانە".

لوقمان حەوێز، ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی لە تێکساس لەراگەیەنراوێکدا کەوێنەیەکی بۆ وێستگەنیوز نێردراوە باس لەوەشکراوە، "ئەم ئێوارەیە لە هەرێمی کوردستان یەکسەر دوای خۆرئاوابوون مەحاڵەمانگ بیبینرێت، چونکە مانگ لە شوێنێکە یەک تۆز دەکەوێتە ژێرەوەی خۆر بۆ چاوی چاودێر، بێگومان لەم دۆخەش دوای خۆرئاوابوون هیلالی مانگ ناتوانرێت بەچاو ببینرێت، بەڵام سبەی ئێوارە چوارشەممە هیلالی یەکشەوەی مانگ بەجوانی بەچاو دەبینرێت یەکسەر دوای خۆرئاوابوون".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بە پێی چاودێری گەردوونی بێت سبەی چوار شەممە ڕۆژێکی نوێ دەبێت لە مانگێکی نوێ بەپێی تەقویمی قەمەڕی، واتە درێژکراوەی ئەم مانگە نیە کە مانگی ڕەمەزانە، هەروەکو لەسەرەوەش ووتم ئەم لێکدانەوەی من زانستیە و من لێرە نامەوێت بچمە نێو بابەتە شەرعیەکە کە ئاخۆ لەڕووی شەرعی یان ئایینی بەیانیش هەر تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە یاخود بەو پێیە ڕۆژێکی نوێی مانگێکی نوێیە، ئەو بڕیارە بۆ زانایانی ئایینی جێدەهێڵم."

دەقی نوسینەکەی لوقمان حەوێز:

ئەم ئێوارەیە مانگ لە کوێ دەبێت؟ ئایا مومکینە ئەمڕۆ دوای خۆرئاوابوون لە کوردستان هیلالی مانگ بەچاو ببینرێت..؟  

تێبینی: شیکارەکەم زانستیە، بڕیاری شەرعی لەم مەسەلەیە لەلای زانایانی ئایینیە...  

ئایا ئەم ئێوارەیە یەکسەر دوای خۆرئاوابوون مومکینە کەس لە کوردستان بتوانێت بەچاوی ئاسایی هیلالی مانگ ببینێت..؟  

بەپێی چاودێریە گەردوونیەکان کەی زۆر بە وردی تا ڕادەی خولەک دەستپێکی یان سەرەتای مانگێکی نوێیە بەپێی تەقویمی قەمەڕی..؟  

تەقویمی مانگی یان قەمەڕی هەر لە کۆنەوە پشتی بەستووە بە سوڕی مانگ بە دەوری زەوی بۆ چاو و دیدی مرۆڤەکان لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی، بەپێی ئەو تەقویمەش ساڵێک 12 مانگە، بەڵام ماوەی مانگێک ڕێک یەکسانە بە سوڕێکی تەواوی مانگ بە دەوری هەسارەی زەوی بۆ دید و چاوی ئێمە کاتێك تەماشای دەکەین لەسەر هەسارەکەمان، بەپێی چاودێریە گەردوونیەکان بێت تێکڕای ماوەی یەک سوڕی مانگ بە دەوری هەسارەی زەوی ئەگەر هەر 12 مانگەکەی ساڵ وەربگرین ڕێک یەکسانە بە 29.53059 ڕۆژ، واتە 29 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 44 خولەک، بۆ مرۆڤەکانیش هەر لە کۆنەوە دەستپێکی هەر مانگێکی نوێ ئەو ئێوارەیە بووە کە توانیویانە هیلالی مانگ ببینن، بەهۆی ئەوەی ئەو سوڕەش ژمارەی ڕۆژەکانی ڕێک نیە و نەبووە بۆیە مانگێکیان کردوە بە 29 ڕۆژ و مانگەکەی دواتریان کردوە بە 30 ڕۆژ...  

ئەی بەپێی چاودێریە گەردوونیەکان کەی زۆر بە وردی سوڕێکی نوێی مانگ دەست پێدەکات بە دەوری زەوی ئەگەر لە هەرێمی کوردستانەوە چاودێری بکەین..؟  

ئێستا لە سایەی پێشکەوتنەکانمان لەبواری زانستی گەردوونناسی و چاودێری زۆر وردمان بۆ مانگ دەتوانین بزانین دەستپێکی هەر مانگێکی نوێ تا ڕادەی خولەک بۆ هەر خاڵێکی سەر ڕووی زەوی کەیە و کەی دەست پێدەکات، لە ڕاستیدا ئەو دەستپێکە بۆ هەر شوێنێکی سەر ڕووی زەوی هەندێک جیاوازە، ئەگەر شوێنەکان لەسەر هێڵی پانی زۆر لەیەکتر دور نەبن وەکو بۆ نمونە دوو شار دوری نێوانیان لەسەر هێڵی پانی 100 کیلۆمەتر بێت ئەوا جیاوازیەکە تەنیا چەند خولەکێکە، ئەگەر بکەونە سەر هەمان هێڵی درێژیش ئەوا دەستپێکی مانگی نوێ بۆ دوو شوێنەکە وەکو یەکە یان زۆر نزیکە لە یەکتر...  

بەپێی  چاودێری گەردوونی ورد، ئەگەر شاری هەولێر وەکو خاڵی چاودێریکردن وەربگرین ئەوا سوڕێکی نوێی مانگ بە دەوری زەوی بە وردی لە 9:59 ی ئەمشەو دەست پێدەکات...  

ئەمە چی دەگەیەنێت..؟  

ئەمە واتە ئەوەی ئەم ئێوارەیە لە هەرێمی کوردستان یەکسەر دوای خۆرئاوابوون بیەوێت مانگ ببینێت ئەوا مەحاڵە بیبینێت، چونکە مانگ لە شوێنێکە یەک تۆز دەکەوێتە ژێرەوەی خۆر بۆ چاوی چاودێر، بێگومان لەم دۆخەش دوای خۆرئاوابوون هیلالی مانگ ناتوانرێت بەچاو ببینرێت، بەڵام سبەی ئێوارە چوارشەممە هیلالی یەکشەوەی مانگ بەجوانی بەچاو دەبینرێت یەکسەر دوای خۆرئاوابوون...  

بە پێی چاودێری گەردوونی بێت سبەی چوار شەممە ڕۆژێکی نوێ دەبێت لە مانگێکی نوێ بەپێی تەقویمی قەمەڕی، واتە درێژکراوەی ئەم مانگە نیە کە مانگی ڕەمەزانە، هەروەکو لەسەرەوەش ووتم ئەم لێکدانەوەی من زانستیە و من لێرە نامەوێت بچمە نێو بابەتە شەرعیەکە کە ئاخۆ لەڕووی شەرعی یان ئایینی بەیانیش هەر تەواوکەری مانگی ڕەمەزانە یاخود بەو پێیە ڕۆژێکی نوێی مانگێکی نوێیە، ئەو بڕیارە بۆ زانایانی ئایینی جێدەهێڵم...  


هـ.هـ


AM:10:55:11/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 33692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو