سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا دۆخی ئاسایش و ئاوارەکان تاوتوێ دەکەن

‌مەسرور بارزانی و سۆفی ویڵمز


وێستگەنیوز-

سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان کرد لەسەر گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وعێراق و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناو دابینکردنی پێداویستی ئاوارەکان.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2021/5/10 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سۆفی ویڵمز، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکاوە پێگەیشت. 

ئەوەش هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم گەیاند بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە لە هێرشی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوخەمی و هەڵوێستی حکومەتی بەلجیکای کرد لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەولێر . 

لەراگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکە کراوە و  هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان. 

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا تاووتوێ کراوە. سەرۆکی حکومەت داوای لە جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کردوە کە لە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە هاوکاری پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەتی کە تواناکانی هەرێم لەمبارەیەوە سنووردارن.


PM:09:36:10/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت