دیندار زێباری بۆ ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: دادگا سەربەخۆیە و حکومەت دەستوەردان ناکات

‌سزادراوانی بادینان

وێستگەنیوز-

رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" نیگەرانی دەربڕی بەرامبەر بڕیارێکی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بۆ پەسەندکردنی سزادانی 5 چالاکوانی بادینان، جەخت دەکەنەوە لەوەی "دادگا سەربەخۆیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات".

دیندار زێناری، رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا وەڵامی راپۆرتەکەی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ"ـی دایەوە و رایگەیاند، "دادگا سەربەخۆیە لە حکومەت و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. حوکمی پێنج سزادراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانییەوە نەبووە. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاوانباربوون بە کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی و گواستنەوەیان بۆ بۆ رێکخراوێک کە زۆرجار بەشداری لە چالاکی تیرۆریستیدا کردووە، بەمەش ژیانی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و بیانیان لە هەرێمی کوردستان خستۆتە مەترسییەوە".
 


ئاماژەی بەوەشکردوە، "وەک تۆمەتبار لەناو هۆڵی دادگا، لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیانەوە نوێنەرایەتیان کراوە. هەروەها چاویان بە پارێزەرەکانیان کەتووە لە کاتی ڕاگرتن بەر لە دادگای له دادگای تاوانی هەولێر و دوای دادگاییش، دادگای تاوانەکان پەڕاوە یاساییەکانیان گواستەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، کە خاوەنی دوا بڕیارە بۆ پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی بڕیارە یاساییەکان. دادگای پێداچوونەوە بڕیاری دادگای تاوانی لە 6 ی ئایاری 2021 دا پەسەندکرد.".

رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەخت دەکاتەوە لەوەی تائێستا سزادانی ئەو چالاکوانانە پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە و رێکاری دیکە ماون بۆ تانەدان لەبڕیارەکە و ئاماژەی بەوەکردوە، "لەگەڵ ئەوەشدا، دوابەدوای پەسەندکردنی بڕیارەکە، تۆمەتباران 30 ڕۆژیان هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەکە بدەن، دوای ئەوە دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لە کەیسەکە بدات. لە کۆتاییدا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لێبووردنی تایبەت دەربکات".

ئەوەشی خستوەتەڕو، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور (ICRC) و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) دەستگەیشتنیان بە دەستبەسەرکراوەکان هەبووە. 

ئەمڕۆ دوشەممە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راگەیەنراوێکی لەبارەی زیندانیانی بادینان بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە بەپەلە و بەبێ هیچ مەرجێک رۆژنامەوانان و چالاکوانانی دهۆک ئازادبکات.

لێبوردنی نێودەوڵەوتی ناوی هەر پێنج سزادراوەکەی هێناوە و ئاماژەی بەوەش کردوە، لەژێر رۆشنایی ئەو زانیارییانەی بەدەست ئێمە گەیشتوە، دەرکەوتوە بڕیارەکەی دادگا نادادپەروەریی تێدایە و داوادەکەین بەپەلە هەمو هەنگاوەکان بگیرێنەبەر بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارە نادادپەروەرانە و لێکۆڵینەوە بکرێت لە دەنگۆی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەگەڵیان لەگەڵ بەرپرسیارکردنی ئەو کەسانەی کە بەم کارە هەڵساون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە رێکخراوێکی کاریگەری جیهانییە و چاودێری پرسی شەڕو بابەتەکانی پەیوەندیدار بەمافەکانی مرۆڤ دەکات، داواشی کردوە، ئەو کەسانەی کە بەنادادوەرانە دەستگیرکراون قەرەبوو بکرێنەوە و ئەو هەڵەیە کە دژیان کراوە راستبکرێتەوە.


PM:08:31:10/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت