بیرە نەوتێکی بای حەسەن زیانی پێنج ھەزار بەرمیلی پێ گەشت و کوژایەوە

‌ کێڵگەی نەوتی بای حەسەن

وێستگە نیوز-

دوای پێنج رۆژ لە تەقاندنەوەی، شەوی رابردوو، بیرە نەوتی ژمارە 183ی کێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە کەرکوک کوژێنرایەوە.


سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور راگەیاندووە، کە کاتژمێر نوێ شەوی رابردوو، بیرە نەوتی ژمارە 183ی کێڵگەی نەوتی بای حەسەن سەربە کۆمپانیای نەوتی باکوور کوژێنرایەوە کە پێنجشەممەی رابردوو لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقێنرایەوە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، کە بیرە نەوتی ژمارە 183 کێڵگەی نەوتی بای حەسەن بەرھەمی نەوتی رۆژانەی یەک ھەزار بەرمیل بووە و لە ماوەی پێنج رۆژدا، زیانی پێنج ھەزار بەرمیلی پێ گەیشتووە.

بەپێی بازاڕی فرۆشی نەوت، بەرمیلێکی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا بە 60 دۆلاری ئەمریکی دەخەملێنرێت و لەماوەی پێنج رۆژدا، سێ سەد ھەزار دۆلار زیانی بەکۆمپانیای نەوتی باکوور گەیاندووە.

رۆژی پێنجی مانگی ئایار چەکدارانی داعش دوو ھێرشیان کردە سەر کێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە ھێرشی یەکەمدا، کارمەندێکی پۆلیسی نەوت و گازیان کوشت و کارمەندێکی تریان بریندار کرد لە ھێرشی دووەمی داعشدا، ھەردوو بیرە نەوتی ژمارە 177 و ژمارە 183یان تەقاندەوە و لە ماوەیەکی کورتدا توانرا بیری ژمارە 177 کۆنترۆڵبکرێت و دوای پێنج رۆژیش بیرە نەوتی ژمارە 183 کۆنترۆڵکرایەوە.

رۆژی نۆی مانگی 12 ساڵی رابردوو، چەکدارانی داعش ھەردوو بیرە نەوتی ژمارە 33 و 43ی کێڵگەی نەوتی خەبازەیان تەقاندەوە کە بەرھەمی رۆژانەی نەوتی ئەو دوو بیرە و دوای 40 رۆژ لە تەقاندنەوەیان توانرا کۆنترۆڵ بکرێنەوە، بەڵام زیانی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاریان بەکۆمپانیای نەوتی باکوور گەیاند.

ھەناردەکردنی رۆژانە لە کێڵگەکانی کەرکووک بەراورد بەمانگی رابردوو کەمی کردووە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئاداری پێش رابردوو ھەناردەکردن لە کێڵگەکانی کەرکووک بۆ بەندەری جەیھانی تورکی، سێ ملیۆن و 71 ھەزار بەرمیل بووە، بەڵام ھەناردەکردن لە مانگی نیسانی رابردوو نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیھان، دوو ملیۆن و 863 ھەزار و 403 بەرمیل نەوت بووە بەپێی ئەم ئامارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بێت، ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بەراوورد بەمانگی رابردوو، 207 ھەزار و 597 بەرمیل نەوت کەمی کردووە.


س/ A.A


PM:06:23:10/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت