بەرپرسێکی پێشووی پەروەردە زانیاری لەسەر فرۆشتنی چەند خوێندنگەیەک ئاشکرادەکات

‌عەلی حەمەساڵح و کەمال نوری

وێستگە نیوز-

پەرلەمانتارێک دەڵێت، "بەبێ ئاگاداری پەروەردە دەیانەوێت حەوت خوێندنگەی ناو سلێمانی بفرۆشن"، بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی رۆژئاوای شارەکەش بە وێستگە نیوز-ی وت، " ئەم بیرۆکەیە 10 ساڵە لە وەزارەتی پەروەردە بوونی هەیە".


عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کورستان لە بڵاوکراوەیەکدا لە ئەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، " بەبێ ئاگاداری پەروەردە دەیانەوێت حەوت خوێندنگای ناو شار بفرۆشن(قبوڵ ناکەین)". بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز بەشێک لەو خوێندنگانە بریتین لە ( خوێندنگەی سەڵاحەدینی ئەیوبی،  خوێندنگەی گۆیژە، خوێندنگەی شێخ مەحمود، خوێندنگەی بازرگانی ئێواران، خوێندنگەی شەهید جەمال تاهیر).

دەربارەی فرۆشتنی بینای ئەو خوێندنگانە، کەمال نوری ڕاوێژکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە وێستگە نیوز-ی وت، " بیرۆکەی فرۆشتنی چەند بینایەکی قوتابخانە و خوێندنگەی سلێمانی ماوەی 10 ساڵە لە وەزارەتی پەروەردە هەیە و لەکاتی خۆشیدا لیژنەی بۆ پێکهێنراوە تا بخرێنەر ڕوو و بفرۆشرێن".

بە وتەی کەمال نوری، " وەزارەتی پەروەردە پێی وابووە ئەو قوتابخانە و خوێندنگانەی لەسەر شەقامی گشتین یان دوورن لەناوچەی چڕی نیشتەجێبوون، پێویستە بفرۆشرێن و بکرێنە داهات بۆ وەزارەتەکە، هەروەک چۆن خوێندگای فریشە بەهۆی نەگونجانییەوە فرۆشراوە و لە جێگەیەکی دیکە دوو باڵەخانەیان بۆ دروستکراوە".

"زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەدەن، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی لە 3ی ئەم مانگەوە ئاگاداری فرۆشی ئەو خوێندنگانەبێت"، وێستگە نیوز چەند جارێک پەیوەندیکرد بە بە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە، بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات، " ئەو موڵکانە بە ئاگاداری وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران دەفرۆشرێن".  

کەمال نوری، ئاماژە بەوەشدەکات، " وەزارەتی پەروەردە بۆخۆی موڵکەکان دەفرۆشێت و پێی وایە شوێنی بازرگانین، هەر کۆمپانیایەکی ئەهلی یان کۆمپانیایەکی دیاریکراویش بێت ئازادە لەوەی داوا پێشکەشبکات ".


PM:04:40:10/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 7864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت