نازم دەباغ: تیرۆرکردنی حاجی قاسم دەستی دژە تیرۆری یەکێتی و پارتی تێدانیە

‌نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران

وێستگە نیوز-

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، "دەنگۆی بڵاوبوونەوەی هەبوونی دەستی دژە تیرۆر لەتیرۆر کردنی حاجی قاسم، دەستێکە بۆ تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان و  شێواندنی پەیوەندییەکانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران".


نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە دامەزراوەی خەڵک-ی راگەیاندووە، "من وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم شاراوە نییە کە نوێنەری یەکێتیشم لە تاران، گەر شتێکی لەو شێوە هەبووایە بە دڵنیایی لەلایەن جیهەتی ئێرانی ئاگادار دەکرامەوە و بانگێشت دەکرام".

دەباغ، ئەوەش دەخاتە ڕوو، "دەزگای هەواڵگری ئێرانی هەمیشە زانیاری وردیان هەبووە ودەزانن کێ چی دەکات و چی ناکات، زانیاری وردیان هەبووە ئێستا سەیرە کە کەسانێک دێن دەبنە سەرچاوەی درۆو دەلەسە و دەبنە مایەی شێواندنی ناو ناوبانگی هەرێمی کوردستان".

دەشڵێت، "گەر بێت و زانیاری لەو جۆرە هەبووایە کە دژە تیرۆر دەستی لە کارێکی وادا هەیە، لە دواین سەردانیدا جەواد زەریف نەدەهاتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و پارتی و بەرپرسانی حزبی و هاوسەرۆکانی یەکێتی دیداریان نەدەبوو".

نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم ئەوەش دەخاتە ڕوو، "لە ڕووداوی تیرۆر کردنی حاجی قاسم سولەیمانی دا نە دەستی دژە تیرۆری یەکێتی نە هی پارتی تێدایە و بگرە ئاگاداری پرۆسەیەکی لەو جۆرەش نەبوون و نین".

ئەم قسانەی نوێنەرای حکومەتی هەرێم لە تاران لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە چەند دەزگایەکی راگەیاندن راپۆرتێکیان لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمریکی بڵاوکردوەتەوە و بەگوێرەی راپۆرتەکە "ئەندامێکی دژە تیرۆر لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) بە ناوی (سی تی جی CTG) کە سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، هاوکاری پێکانی ئامانجەکەی لە نزیکەوە کردووە و کاتێک قاسم سولەیمانی لە سووریاوە هاتووەتەوە عێراق و لە فڕۆکەخانەی بەغدا دابەزیووە، ئەندامەکانی دژە تیرۆر، کە خۆیان وەک کارمەندی گواستنەوەی جانتاکان نیشانداوە، لە نزیکەوە بوونی قاسمیان پشتڕاستکردووەتەوە".

راپۆرتەکە کەدەزگاکانی نزیک لەپارتی دیموکراتی کوردستان ناوەڕۆکەکەیان بڵاوکردوەتەوە ئاماژە بەوەشکراوە، "رۆڵی دژە تیرۆر، زۆر سەرەکی بووە و پێش رووداوەکەش ئامادەکاریی وردییان کردووە. بۆ کارەکەش، پێویستیان بە پلانی زۆر وردی ناردنی سەرباز و شارەزای سەربازیی بووە".

رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2020، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەل ئەبومەهدی موهەندیسی، فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە نزیک فرۆکەخانەی بەغدا لە لەیەن فرۆکەیەکی بێفرۆکەوانەوە کرانە ئامانج و کوژران، لە پاشان ئەمریکا و خودی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکات بەرپرسیاریەتی رووداوەکەی هەڵگرت و لەوکاتەوە ناکۆکییەکانی ئێران و ئەمریکا روویان لە زیاد بوون کردووە.


PM:07:38:09/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 2100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت