‌سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا؛ چین و بەڕازیل پرۆژەیەکی گەورەی بۆشایی ئاسمان دەخەنەگەڕ

وێستگە ستایل-

سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا؛ چین و بەڕازیل پرۆژەیەکی گەورەی بۆشایی ئاسمان دەخەنەگەڕ

وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان

لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکان و پشتگوێخستنی فشارە نێودەوڵەتییەکان، چین و بەڕازیل بە فەرمی تاقیگەیەکی هاوبەشی بۆشایی ئاسمانیان کردەوە کە تەرخانکراوە بۆ تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و زانستی گەردوونناسیی ڕادیۆیی. ئەم هەنگاوەش وەک سوربوونێکە لەسەر برەودان بە هاوکارییە زانستییەکان، تەنانەت لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر هاوبەشەکانی لە ئەمریکای لاتین چڕ کردووەتەوە بۆ سنووردارکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکین.

تاقیگە نوێیەکە کە ناوی "تاقیگەی هاوبەشی چین و بەڕازیل بۆ تەکنەلۆژیای گەردوونناسیی ڕادیۆیی"ـە، لەلایەن کۆمپانیای ئەلیکترۆنی بەرگریی چین (CETC) و بە بەشداریی زانکۆ فیدراڵییەکانی "کامپینا گراند" و "پارایبا"ی بەڕازیل دامەزراوە. ئامانجی سەرەکی بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوەکان لە زانستی قوڵایی بۆشایی ئاسمان (Deep Space Science) و چاودێریی گەردوونی.
بەرپرسانی هەردوو وڵات جەخت دەکەنەوە کە ئەم هاوبەشییە پرۆسەی دۆزینەوە زانستییەکان خێراتر دەکات و تواناکانیان لە توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان بەهێزتر دەکات. ئەم تاقیگەیە بەستراوەتەوە بە پرۆژەی تەلەسکۆپی (BINGO) کە ئێستا لە بەڕازیل لە قۆناغی دروستکردندایە و بڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٦ تەواو بکرێت؛ ئەمەش دەبێتە گەورەترین تەلەسکۆپی ڕادیۆیی لە کیشوەری ئەمریکای باشوور.

ئەرکی ئەم تەلەسکۆپە لێکۆڵینەوە دەبێت لە وزەی تاریک (Dark Energy) و پێکهاتەی فراوانی گەردوون، هەروەها پاڵپشتی پرۆسەی چاودێریکردنی مانگە دەستکردەکان و تەنەکانی بۆشایی ئاسمان دەکات.
ئەم ڕاگەیاندنە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکانی واشنتۆن سەبارەت بە فراوانبوونی هەژموونی چین لە کەرتەکانی زانست و تەکنەلۆژیا لە ئەمریکای لاتین. بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە حکومەتەکانی ناوچەکە کە وریا بن لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکین، بەو پاساوەی کە ئەم هاوکارییانە ڕەنگە لێکەوتەی ستراتیژی یان (دوو ئامانجی)یان هەبێت؛ واتە بۆ مەبەستی سیخوڕی و سەربازی بەکاربێن. هەرچەندە چین و بەڕازیل جەخت لەوە دەکەنەوە پرۆژەکە تەنها مەبەستی زانستیی هەیە.

پەیوەندییە ئاسمانییەکانی نێوان چین و بەڕازیل مێژوویەکی دەیان ساڵەی هەیە و ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی (CBERS) لە کۆتایی هەشتاکاندا، کە تێیدا هەردوو وڵات بە هاوبەشی زنجیرەیەک مانگی دەستکردی چاودێریی زەوییان پەرەپێدا بۆ مەبەستی چاودێریی ژینگە و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان.
جگە لە بەرنامەی (CBERS)، چین و بەڕازیل پلانی هاوکاریی درێژخایەنیان واژۆ کردووە، کە پەرەپێدانی مانگی دەستکرد و دەستپێشخەریی توێژینەوەی هاوبەش بۆ گەڕان لە قوڵایی بۆشایی ئاسمان لەخۆ دەگرێت. ئەم چوارچێوە فراوانە ڕەنگدانەوەی هاوبەشییەکی ستراتیژیی بەردەوامە کە سوود لە پێگەی جوگرافیی بەڕازیل و توانای تەکنەلۆژیی چین وەردەگرێت.

بۆ پەکین، ئەم تاقیگەیە بەردێکی دیکەی بناغەیە لە هەوڵەکانی بۆ نێودەوڵەتیکردنی بەرنامە ئاسمانییەکەی و دروستکردنی پەیوەندیی زانستی لە دەرەوەی بازنەی تەقلیدیی ڕۆژئاوا. بۆ بەڕازیلیش، هاوکاری لەگەڵ چین دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی زانستی و گێڕانی ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە توێژینەوە جیهانییەکاندا. هۆشدارییەکانی حکومەتی ئەمریکاش جەخت لەسەر ئەو کێبڕکێ جیۆپۆڵەتیکییە دەکەنەوە کە شێوە بە "دیپلۆماسییەتی بۆشایی ئاسمان" دەبەخشێت لە سەدەی بیست و یەکدا.

سەرچاوەکان: ڕۆیتەرز، ئیندیا تودەی، بیزنیس دەی.


PM:09:15:15/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل